lawan


ڕێکخراوی لاوانی خه‌باتی کوردستانی ئێران
Iranian Kurdistan Khabat Youth Organization
         

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا
lawan.info

لاوانی ئازادیخواز و تێکۆشەری کوردستانی ئێران!
چوار ساڵ بەسەر شۆڕشی ژینا تێدەپەڕێت؛ شۆڕشێک کە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و بوو بە دەنگی نەوەیەک کە چیتر نایەوێت لە ژێر سایەی ترس و سەرکوت و بێمافی بژی.
ژینا تەنیا ناوی کچێکی کورد نەبوو، ژینا بوو بە هێمای نەوەیەکی نوێ کە ویستی ژیان، ئازادی و ڕێز و کرامەتی مرۆییە. ئەو شۆڕشە نیشانی دا کە لاوان دەتوانن ببنە پێشەنگی گۆڕان و ببنە هێزی سەرەکیی دروستکردنی داهاتوویەکی نوێ بۆ کوردستان و ئێران.
بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵ و تێکۆشان و قوربانیدانە، چوار ساڵ دوای دەستپێکی شۆڕشی ژینا، دۆخی لاوان هێشتا لە ژێر فشارێکی قورسدایە. سەرکوت و گرتن و حوکمی درێژخایەن و ئیعدام، بێکاری و هەژاری و گرانبوونی ژیان، نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتوو و هەستی بێهیوایی، بەشێکی زۆر لە لاوانی بەرەو دەرەوەی وڵات پاڵ پێوە دەنێت یان ناچار دەکات لە ناو کۆمەڵگادا لە ژیانێکی پڕ لە فشار و ناهۆمێدی تێپەڕبن.
قەیرانی ئابووری تەنیا کێشەیەکی دارایی نییە، کاریگەرییەکانی ڕاستەوخۆ دەگەنە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانی. بێکاری و نەبوونی داهاتی جێگیر، گرانی و ناتەوانی لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، هەستی بێدەرەتانی و بێهۆمێدی لە نێوان لاوان زیاد دەکات و لە هەمان کاتدا مەترسییە کۆمەڵایەتییەکان، لەوانە تووشبوون بە مادە هۆشبەر، زیادبوونی کێشەکانی پەیوەندی و تەڵاق و لاوازبوونی بناغەی خێزان، قووڵتر دەکاتەوە.
لە کاتێکدا ڕژیم بە سەرکوت و ئیعدام هەوڵ دەدات دەنگی نەوەی نوێ کپ بکات، پێویستە لاوان بەرانبەر ئەم دۆخە بێدەنگ نەبن. بەڵام ئەمە تەنیا بە هەڵسوڕانی تاکەکەسی و هەوڵی جوداجودا بەدەست نایەت؛ پێویستی بە هاوکاری، ڕێکخستن و هەنگاوی هاوبەش هەیە.
لەبەر ئەمە، ڕێکخراوی لاوانی خەبات لەم ساڵیادەدا وێڕای پشتیوانی لە باگەوازی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژ ۲۵ی خەرماناندا، بانگەوازی هەموو ڕێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران دەکات کە یادی شۆڕشی ژینا بکەنە دەستپێکی دووبارە بۆ نزیکبوونەوە، هاوکاری و تەبایی.
ئێمە پێمان وایە کاتی ئەوە هاتووە کە لاوانی ناوخۆ چیتر چاوەڕوانی ئەوە نەبن کە پڕۆسەی هاوکاری و یەکگرتن لە دەرەوە دەستی پێبکات و پاشان ناوخۆ پەیڕەوی بکات. ئەو لاوانەی لە ناو کوردستانن، خۆیان بەشێکی سەرەکیی ئەم بزووتنەوەیەن و دەبێت خۆیان دەستپێشخەری و پێشەنگی ئەم پڕۆسەیە بن.
ڕێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ هەموو جیاوازییە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانیان، دەتوانن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان کۆببنەوە؛ لەسەر مافی مرۆڤ، ئازادی، مافی نەتەوەیی، بەرابەری، دژی سەرکوت و ئیعدام، و دروستکردنی داهاتوویەکی دیموکراتیک و ئازاد بن.
ئێمە باوەڕمان وایە هاوکاریی لاوان نابێت تەنیا بۆ بۆنە و ساڵیادەکان بێت؛ دەبێت بگۆڕێت بۆ پڕۆسەیەکی بەردەوام و کاریگەر کە بتوانێت دەنگی لاوان بگەیەنێت بە کۆمەڵگەو بە هێزێکی کاریگەر و بیکات بە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران.
لاوان تەنیا داهاتووی وڵات نین؛ لاوان هێزی ئێستای گۆڕانن.
ئەگەر شۆڕشی ژینا توانای ئەوەی هەبووە کە دیوارەکانی ترس تێکبدات، ئەمڕۆ ئەرکی ئێمەیە ئەو هێزەی لەو شۆڕشەدا دروست بووە، بە هاوکاری و ڕێکخستنی لاوان، بەرەو قۆناغێکی نوێ ببەین.
لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا، یادی هەموو قوربانیانی ئەم ڕێگەیە بەڕێز ڕادەگرین و پشتیوانی خۆمان بۆ خەباتی لاوانی ناوخۆ، بۆ ئازادی و ڕزگاری دووپات دەکەینەوە. هەلوومەرجی هەنووکەو دۆخی ئێستای کوردستان و ئێران زەروورەتی هاوکاری و تەبایی بۆ ڕووخانی یەکجاری دەسەڵاتی ئێران دووپات دەکاتەوەو لە ئێستادا خەڵک باشتر لە هەر کاتێکی دیکە دەزانێت کە تەنیا بە لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتەو دامەزرانی حکومەتێکی دیمۆکراتیک داهاتووی نەوەی نوێی مسۆگەر دەبێت.
با یادی شۆڕشی ژینا تەنیا یادکردنەوەی ڕابردوو نەبێت و ببێتە دەستپێکی هەنگاوێکی نوێ بۆ هاوکاری، یەکدەنگی و پێشەنگایەتی لاوان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و سەربەستی لە خاک و نیشتمانی خۆیاندا.

ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری

8 کاتژمێر و 57 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا

پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەبات بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا


ده‌رباره‌ی ئێمه به کورتی


لێره‌‌‌ ده‌‌‌رباره‌‌‌ی خۆتان بنووسن به کورتی

په‌یوه‌ندی


تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان



٢/ لینکی یوتوب

٣/ لینکی تویته‌‌‌ر