ڕاپۆرتی هەفتانە لەسەر جینایاتی ڕژیم لە کوردستان و ئێران!



لە هەورامان کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران بریندار بوو 

 

 ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەزبەر تیرۆریستەکانی سوپای پاسداران لە بەرزاییەکانی تەتە لە هەورامان تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بەناوی ئەسەد نۆدشەیی بریندار بوو. 

ئەو هێزانەی تەقەیان لەو کۆڵبەرە کردووە جلی مەدەنیان لەبەر بووە و دوو جار تەقەیان لە کۆڵبەرەکان کردووە. 

تیرۆریستانی سوپای پاسداران لە بانە کۆڵبەرێکیان بریندار کرد 

هێزەکانی هەنگی سنووری بانە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کرد و بە هۆیەوە کۆڵبەرێک بەناوی محەمەد بریندار بوو. 

لاوێکی کامیارانی بە تۆمەتی پێوەندی دەگەڵ حیزبە کوردیییەکان بە شەش مانگ زیندان سزا درا

ئومید ئەسەدی ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەزبەر لە لایەن دادگای شۆڕشی کامیاران بە شەش مانگ زیندان سزا دراوە.

پێوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان ئەو تۆمەتەیە کە خراوەتە پاڵ ئومێد ئەسەدی. 

کۆڵبەرێکی دیکەش لە سنووری چاڵدوران بە تەقەی هێزەکانی ڕژێمی ئاخوندی گیانی لە دەست دا 

یەکشەممە ۲۷ی رەزبەر هێزەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە سنووری چاڵدوران تەقەیان لە چەند کۆڵبەر کرد و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناو ئەمین شەمس گیانی لە دەست دا. 

ئەشکەنجەدانى کۆڵبەرێکی کورد لە بانە

ناوەندى مافەکانى مرۆڤ لە کوردستانى ئێران بڵاوى کردەوە:

دووشەممە، هێزە نیزامییەکانی حکومەتی ئێران لە سنووری بڕوێشکانیی شاری بانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “یاسین فیکری” تەمەن ٢٢ ساڵیانە دەگرن و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئازار و ئەشکەنجەی دەدەن.

ئەو کۆڵبەرە لاوە کە لە سنووری بڕوێشکانی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە سووکایەتی پێکراوە و ئازار و ئەشکەنجە دراوە هیچ شتومەکێکی قاچاخی پێ نەبووە.

فەرماندەی هەنگی سنووریی بڕوێشکانی لەگەڵ دوو سەربازی دیکە، کاتژمێر ٩ی شەو هەتا ٥ی بەیانی ئەو کۆڵبەرە کوردەیان ڕاگرتووە و وێڕای ئەشکەنجە کردن و بێ ڕیزی و سووکایەتی بە موبایل فیلمیشیان لێ هەڵگرتووتەوە. 

لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٧ کەس لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون 

هەواڵدەری مافی مرۆڤی هێرانا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی ڕزبەری ١٣٩٩ لە ئێران نووسی: لەو مانگەدا ١٧ کەس ئێعدام کراون. 

بە گووتەی ئەو هەواڵدەریە بە پێی سەرانەی حەشیمەت و ڕێژەی ئێعدام. ئێران پلەی یەکەمی جێبەجێکردنی ئێعدامی لە سەر ئاستی جیهان هەیە. 

لەنێو ئێعدام کراوەکاندا لانیکەم دوو ژن هەیە کە یەکیان ڕۆژی دووی ڕەزبەر لە گرتووخانەی ڕەجایی و ئەوەی دیکە یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەر لە گرتووخانەی مەشهەد ئێعدام کراون. 

ئەو ئامارە، تەنیا ئەو ئامارەیە کە دەوڵەت ڕایگەیاندووە و هێرانا ڕایگەیاندووە زیاتر لە ٧٥ لەسەدی ئێعدامەکان لە لایەن دەوڵەت و دامەزراوەی دادوەری ڕژیمی ئێرانەوو بڵاوناکرێتەوە و بە شێوەی شاراوە بەندکراوان لەسێدارە دەدەن. 

لەو نێوەدا هەموو کات ئاماری ڕێژەی ئێعدام کراوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران زیاترە.
ڕێکه‌و 2020-10-22 21:29:49
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی