ڕێكخراوی لاوان مەراسمێکی بەبۆنەی رۆژی جیھانی لاوان بە شێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەبرد.



 

رۆژی ١٢ی ئاگوست رێکخراوی لاوانی خەبات مەراسمێكی تایبەت بە رۆژی جیھانی لاوانی بە بەشداری رێزدار کاک بابەشێخ حوسەینی سكرتێری گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی سازمانی خەبات و دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی لاوان و ژمارەیەک لە ئەندامان و پێشمەرگە و دۆستان بەڕێوەبرد.
سەرەتای مەراسمەکە بە ساتێک بێدەنگی ڕاگرتن بۆ گیانی سەرجەم شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان خاتوو شایستە موحەممەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی لاوان، باسێکی لە رۆڵی گرنگ و ئەرکی قورسی سەرشانی لاوان و پێویستی سوود وەرگرتنیان لە ئەزموونی لاوانی رابردوو و كەسانی خاوەن ئەزمونی ئێستا پێشکەش بە بەشداربووان کرد. دواتر کاک ماردین زاهیدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی لاوان پەیامی رێکخراوی لاوانی بەبۆنەی ڕۆژی جیھانی لاوان خوێندەوە.
لە بەشێکی دەیکەی مەراسمەکەدا ڕێزدار کاک بابەشێخ حوسەینی ووتارێکی تایبەت بە رۆژی جیھانی لاوانی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
کاک بابەشێخ حوسەینی لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە توانا و هیزی لاوان و ئەرک و ماندووبوونیانی بەرز نرخاند و باسی لەوە کرد کە زۆرێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و شەهیدانی گیان بەخت کردوو و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لاو بوون و لە ئێستاشدا لاوان لە ڕیزی سازماندا دەوری سەرەكیان هەیە.
لە بەشێکی تری ووتارەکەیدا، کاک بابەشێخ هەست و حەزی بەرەوپێشچوون و گەرموگوڕی لاوانی لە کارکردن بە گرنگ زانی و داوای كرد کە لاوان بە زانایی و بیرکردنەوەی قووڵ ئەرکەکانیان بەرەوپێش ببەن و لە بڕیاردان خێرا نەبن و پەلە نەكەن.
لەبەشی دواتری بەرنامەکەدا خاتوو فرمێسک ڕەزایی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی لاوان بابەتێکی لەسەر پێویستی بوونی دوو لایەنی گرنگی وزە و ورە لە لاواندا پێشکەش کرد.
لەباسەکەی دا خاتوو فرمێسک ئاماژەی بە ئەرکی رێکخراوی لاوانی خەبات دا لە کارکردن و هەوڵدان بۆ گەراندنەوەی وزە و ورەی لاوان کە دەسەڵات بە مەبەست هەوڵی لەناوبردنیان دەدات و دەبێت لە هەوڵی گەیاندنی دەنگی خۆمان بین بە لاوانی ناوخۆ، وە پێگەیاندن و گەراندنەوەی باوەڕبەخۆبوونی لاوان بەرپرسیاریەتی و ئامانجی سەرەكیمان بێت.
لە کۆتایی مەراسمەکەدا کورتە فیلمێک لەسەر کاروچالاکییەکانی رێکخراوی لاوان و ژمارەیەک چالاکی ئەندامانی ناوخۆی رێکخراوی لاوان بەبۆنەی ڕۆژی جیھانی لاوان پێشکەش کرا.
ڕێکه‌و 2020-08-13 21:51:05
به‌شی ( به‌یاننامه )







سیاسی