هەلومەرجی لاوانی کورد لە رۆژی جیھانی لاوان



 

سارۆ حوسەینی
لە ساڵی ١٩٩٩ زاینی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە شاری لیشبۆن بڕیاری دیاری کردنی ١٢ ئاگوستی وەک ڕۆژی جیھانی لاوان دا، بەو مەبەستەی لاوان هەست بە هەلومەرجی تایبەتی خۆیان و پێگەیان لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بكەن، و هەروەها ببێتە هۆی هاندانی لاوان بۆ كارو تێكۆشانی زیاتر لە پێناو ئامانجەكانی خۆیان و تێكڕای مرۆڤایەتی و بە دیاری كرانی رۆژی جیهانی لاوان گرینكی بە بیروڕا و بەرنامە و پرۆژە و پلانەکانی لاوان و هێنانە پێشەوەیان و رێ خۆشکردن بۆ جێبەجێ کردنیان بدرێ‌.
لە ١٢ ئاگوست رۆژی جیهانی لاوان، لە سەرەتاسەری جیھان بۆنەی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێ‌ و بە سازدانی بەرنامە و کۆڕ و سیمینار باس لە گرنگی و دەوری لاوان لە گشت بوارەکانی ژیان و چالاکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان دەکرێت.
لە كاتێكدا، لە تەواوی جیھاندا رۆژی جیهانی لاوان بۆ دڵخۆشی دەربڕین بە ئازادی و سەرکەوتن و دەستەبەرکرانی مافەکانی لاوان لە گشت بوارەکانی ژیان بەرز ڕادەگیرێت، بەڵام مەخابن کە لە کوردستان و ئێران لاوان لە خراپترین باروودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی ژیان بەرێدەکەن و لە هەموو مافە بنچینەییەكانیان بێبەش کراون.
هەلومەرجی نالەباری لاوان لە ئێران لە سەردەمی دەسەڵاتی رەزا شا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی زیاد بوونی رق و کینەی لاوان و خەڵک لە دەسەڵات و راپەڕینیان بوو. چونكە رژێمی شا کۆمەڵێک بەرنامە و یاسای بەسەر کۆمەڵگای کوردستان و ئێراندا سەپاندبوو بەمەبەستی بەلارێدابردن و تێکدانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی فەساد، کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ئێراندا نەدەگونجا، سەرەڕای سیاسەتی هەڵەو نەزانانەی دەسەڵات، لاوان لە زۆربەی مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش بوون.
لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە دژی خەڵكیانەو سەركوت و چەوسانەوەی هاونیشتمانیانی کوردستان و ئێران بەگشتی و لاوان بەتایبەتی و بە ئاواتی بەدەست هێنانی ئازادی و گەیشتن بە مافەكانیان، دژ بە رژێمی رەزا شا راپەڕین، كە ئاكامی ئەو ڕاپەڕینە بووە هۆی گۆڕبەگۆڕکردنی حكومەتی شا. بەڵام بەداخەوە رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی دوای گەیشتن بەدەسەڵات لە ئێراندا هەر زوو خیانەتی لە متمانە و ماندووبوون و تێکۆشانی لاوان و خەڵک کرد و بەوەش ئاوات و خەونی لە مێژینەی لاوانی بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافەکانیان و ئەو تۆزە ئازادیە سنووردارەی کە لەسەردەمی رژێمی شادا هەیانبوو نەما.
رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی بە درێژایی چل ساڵ دەسەڵات، هەموو جۆرو شێوازێکی ناحەزی لە پاکتاوکردنی لاوان پەیرەوکردووەو لاوان لەسەر ڕەخنە لە دەسەڵات و رادەربڕین و هەر جۆرە خۆپیشاندانێک مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.
هاونیشتمانیانی کوردستان و ئێران بەگشتی و لاوان بەتایبەتی، بەهەموو شێوەیەک لەلایەن رژێمی ئاخوندی دەچەوسێندرێنەوە و بێکاری، بێ ماڵی، برسیەتی، نەبوونی یەکسانی، خراپی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئاڵودەبوون بە مادەی هۆشبەر، بڵاوبوونەوەی فەسادی كۆمەڵایەتی، لەسەرووی ھەمووشیانەوە لەسێدارەدان، زیندانی کردن، کوشتن و بڕینی لاوان و هاونیشتمانیان بەشی میللەتی ژێردەستەی کوردستان و ئێرانە.
بەرێزان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و رێکخراوی لاوانی خەبات خەبات هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕەبوون کە تەنها چارەسەر بۆ بارودۆخی کوردستان و ئێران لە ناوچوون و روخانی رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندیەو هەر هەوڵێك بۆ وتووێژ لەگەڵ ئەو رژێمە خوێنڕێژە بە قازانجی دەسەڵات و بە زیانی جەماوەرو جوڵانەوەی مافخوازانەی خەڵكی كوردستانە. ئێمە پێشمەرگەکان و ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و رێکخراوی لاوانی خەبات و هۆگرانی رێبازی پیرۆزی جەنابی مامۆستا سەیید جەلالەدینی حوسەینی، تا دوا دڵۆپی خوێن و بێ سڵکردنەوە، تا روخان و لەناوچوونی رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین.
لە خودای گەورە دەپاڕێتەوە و هیواخوازم کە کۆتایی رژێمی خوێنڕێژی ئاخوندی نزیک بێت و ساڵی داھاتوو ڕۆژی جیھانی لاوان و گشت یادەکانمان لە کوردستانی ئازاددا بەرزڕابگرین.
ڕێکه‌و 2020-08-08 11:40:11
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی