مەرگی گوماناویی سێ کەسى دیكه‌ لە رۆژێکدا لەشاری مەریوان 10250914_262317663951242_728670351_nبەردەوامیی مەرگی گوماناویی هاووڵاتییان و نەبوونی بەدواداچوونی ناوەندە حکوومەتییەکان لەمەڕ هاتنە ئارای ئەو رووداوانە، ئەگەری دروستبوونی باندێکی مەترسیدار لەو شارە بەهێزتر دەکات. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا؛ کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی رۆژی رابردوو، رێکەوتی ٩ی بانەمەڕ، تەرمی کەسێک بەناوی سامان ئیبراهیم‌پوور تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و دانیشتووی گەڕەکی "گوڵشەن"ی شاری مەریوان، بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە. لەلایەکی دیكه‌وه‌ کاتژمیر ٨ و نیوی ئێوارێی هەمان رۆژ، سەربازێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بەناوی کاوە کەریمیان، لە کاتێکدا بە هەڵواسین هەوڵی خنکاندنی درابوو، لە گەڕەکی تەپەی مووسک دۆزرایەوە، کە پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی بووعەلی گیانی لەدەست دا. هەروەها و لە هەمان رۆژدا، تەرمی سەربازێکی خەڵکی کرمان بەناوی محەمەد حوسێنی، کەلە پادگانی شاری مەریوان سەرباز بووە، بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە. هەر چەند ئەم حاڵەتانە لەلایەن ناوەندە حکوومییەکانەوە خراونەتەوە خانەی خۆکوژییەوە، بەڵام ئەوەیکە مەرگی سەرجەم ئەم کەسانە بە هەڵواسراوی و لە رێگەی تەنافی شینەوە بووە، خەڵکی شاری مەریوانی پەشۆکاندووە و ترس و دڵەراوكی لای خەڵک دروست بووە. دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە، کە ئەم کردەوانە لەلایەن گروپێکی ئیسلامیی توندڕەوەوە یان گروپێکی هاوشێوەی "هیوا تاب" لە ناو هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت‌دا ئەنجام ئەدرێن، کە بێدەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو پەیوەندییەدا، ترسی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.
ڕێکه‌و 2014-04-30 13:59:04
به‌شی ( هه‌واڵه‌کانی کوردستان )







سیاسی