پەیامی ناوەندی لاوانی خەبات بە بۆنەی 26 مین ساڵرۆژی كارەساتی ئەنفال anfal25ی خاكەلێوە 26 ساڵ بەسەر پرۆسەی كارەساتباری بە ناو ئەنفال دژ بە گەلی كورد لە كوردستان تێدەپەرێت. 26 ساڵ لەمەوبەر و لە وەها رۆژێكدا رژێمی گۆربەگۆری سەدام كەوتە قركردنی خەڵكی كورد و لە 8 قۆناغ و لە شەش ناوچەی كوردستانی عێراق زیاتر لە 182 هەزار كەس لە خەڵكی مەدەنی و بێتاوانی كوردی زیندە بە گۆر كرد و هەزاران كەسیتریشی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكان گواستەوە و بە سەدان گۆند و ناوچەی وێران كرد.
خۆڵقانی ئەو كارەساتە لە لایەن رژێمی لە ناوچووی بەعسەوە بە مەبەستی سرینەوەی نەتەوەی كورد و زاڵ كردنی دەسەڵاتە دیكتاتۆرانەكەی لە بێدەنگی تەواوی جیهان و بەرگریكارانی مافی مرۆڤ بەرێوە چوو و هیچ كەس لە ئاست ئەو جینایەتە نەهاتە دەنگ و وڵاتانی زلهێزی دۆنیا چاویان لە ئاست ئەو كارەساتە داخست. گەلی كورد نابێت قەد ئەو زامە كە لە جەستەیدایە فەرامۆش بكات و نابێت هەرگیز ئیجازەی دووبارە بوونەوەی وەها كارەساتێك بدات . ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە ئاور لە كەس و كاری قوربانیانی ئەنفال بداتەوە و بە هەوڵدان بۆ بە جینۆساید ناسینی ئەو تاوانە لە سازمانی نەتەوەیەكگرتووەكان و ناوەندەكانی بریاردەری مافی مرۆڤ تۆزێك لە ئازاری كەس و كاری قۆربانیان كەم بكاتەوە.
ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران لەم رۆژەدا سڵاو ودرود دەنێرێت بۆ رۆحی پاكی هەموو شەهیدانی كوردستان و بە تایبەتی شەهیدانی بێتاوانی كارەساتی ئەنفال و سەری رێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنێت.
مەرگ و نەمان بۆ داگیركەرانی كوردستان!
سەركەوێت شۆرشی ئازادیخوازانەی نەتەوەی كورد!
ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران
دەستەیی بەرێوەبەری
25ی خاكەلێوەی 1392
ڕێکه‌و 2014-04-14 14:15:29
به‌شی ( به‌یاننامه )







سیاسی