ده‌رسه‌كانی ئۆكراین بۆ ئێران
دانه‌نیشتووه‌ و هه‌ڵوێست و كاركردی خۆی هه‌یه‌ . له‌ ساڵی ١٩٩١ وه‌ كه‌ ئۆكراین سه‌ربه‌خۆیی خۆی راگه‌یاندوه‌ به‌رده‌وام له‌ ژێر چاوه‌دێری و هه‌ڕه‌شه‌ی روسیا دا بووه‌  . ساڵی ٢٠٠٤ ویكتۆر یانوكۆویچ كه‌ سه‌ر به‌ روسیا بوو ، بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار به‌لام پاش ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هاته‌ پێش به‌ حوكمی پارله‌مان هه‌لبژاردنه‌كان به‌تاڵ كرایه‌وه‌ و دیسان له‌ سالی ٢٠٠٥ دا به‌ چاوه‌دێری چه‌ندین وڵات و نوینه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك گرتووه‌كان هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕیوه‌ چوو و بۆ یه‌كه‌م جار كه‌ هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد ئه‌نجامدرا ، ویكتۆر یوشچنكۆ ره‌قیبی پێشووی یانوكۆویچ بوو به‌ سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ . سالی ٢٠٠٤ و به‌دوای ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك له‌ سه‌ر ساخته‌كاری حكومه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و ده‌رمانخواردكردنی ویكتۆر یوشچنكۆ ، ئالای نارنجی (حیزبی نیشتمانی) بووه‌ ره‌مزی ناڕازییان و به‌ ئاكار و نافه‌رمانی مه‌ده‌نی شوڕشێكیان به‌رپا كرد كه‌ به‌ شورشی نارنجی ناسرا . پێشتر شۆرشی له‌و شێوه‌ له‌ چێكوسلاواكی ١٩٨٩ ، سێربیا له‌ سالی ٢٠٠٠ ( شورشی ٥ ئۆكتۆبر ) ، له‌ گورجستان له‌ ٢٠٠٣ (شورشی گولی سوور) و هاوكات له‌ ساڵی ٢٠٠٥ له‌ قرقیزستان ( شورشی گوڵی لاله‌ ) رویاندابوو كه‌ خاڵی هاوبه‌شی هه‌موویان (بێجگه‌ قرقیزستان كه‌ تووشی توند و تیژی بۆوه‌ ) ئه‌وه‌ بوو كه‌ رژیمه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ پێشتر به‌رنامه‌كانی كمونیستیان تیا به‌ڕێوه‌ ئه‌چوو كه‌وتنه‌ به‌ر هروژمی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی ئازادیخواز ، چونكا گۆڕانكاری له‌ سیسته‌می حكومه‌تیدا نه‌ده‌كرا وله‌ به‌ڕێوه‌ بردنی كارو باری وڵات و به‌ تایبه‌ت بواری سیاسی و ئابووریدا تووش هه‌ڵه‌ و شكست ببوون و دواتر هه‌ڵه‌ی تر وه‌ك ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌بووه‌ هۆی سه‌ر هه‌ڵدانی ناره‌زایه‌تیه‌ كۆنه‌كان . ئه‌و جۆره‌ شۆڕشانه‌ كه‌ ئامانجیان به‌دیهێنانی گۆڕان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وڵاته‌ به‌ ئاكاری مه‌ده‌نی و به‌ بێ خوێنرشتن ، به‌ شۆڕشی ره‌نگی یان مه‌خمه‌ڵی ناسراون . ساڵی ٢٠١٠ بوو كه‌ دیسان یانوكۆویچ  به‌ پشتیوانی روسیا و ده‌ستكاری هه‌ڵبژاردنه‌كان هاته‌وه‌ سه‌ركار و خاتوو یولیا تیمۆشێنكۆی خسته‌ زیندان كه‌ سه‌روك وه‌زیرانی ئه‌وولاته‌ بوو . تا ئه‌وه‌ی حه‌وتوویه‌ك له‌مه‌وبه‌ر و به‌ دوای شورشی خه‌ڵك و هه‌ڵاتنی یانكۆویچ بۆ روسیا ، به‌ ده‌نگی پارله‌مانی ئۆكراین ئازاد كرا . 

ئۆكراین كه‌ دووهه‌مین وڵاتی گه‌وره‌ی ئوروپا له‌ دوای رووسیایه‌ ، به‌ هۆی پێگه‌ی ئیستراتیژیكی و سیاسی له‌ ئوراسیا و دراوسێیه‌تی له‌ گه‌ڵ رووسیا گرینگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌ جیهاندا و هه‌ر بۆیه‌ش شۆرشی ئه‌مجاره‌ی خه‌ڵكی ئۆكراین و دووركه‌وه‌تنه‌وی له‌ رووسیا و نزیك بوونه‌وه‌ی له‌ رۆژئاوا و ئامریكا زۆر گرینگه‌ و كاریگه‌ریه‌كانی هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ له‌ جیهاندا و به‌ تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی ئوراسیا به‌دی ئه‌كرێت و به‌و پێیه‌ش كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر ئێران ده‌بێت .

له‌ مانگی پیشوودا و له‌ سه‌ر پێمل نه‌بوونی یانوكۆویچ بو به‌ستنی گرێبه‌ستی ئابووری له‌گه‌ڵ ئوروپا و ناچاركردنی خه‌ڵك به‌ قه‌بوولی مه‌جموعه‌یه‌ك گرێبه‌ستی سیاسی و نیزامی و ئابووری له‌گه‌ڵ رووسیا و دژی قازانجه‌كانی خه‌ڵكی ئۆكراین ، دیسانه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی سیاسی ده‌ستی پێكرده‌وه‌ و داخوازیه‌كانی خه‌ڵك له‌ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دیموكراسیانه‌ی وڵات و چوون بۆ ناو یه‌كیه‌تی ئوروپا و راگرتنی گرێبه‌سته‌كانی ئابوری و سیاسی له‌گه‌ڵ رووسیا زه‌ق كرانه‌وه‌ .

له‌ دوای سه‌ركووتی بێره‌حمانه‌ی خه‌لكی ئێران له‌ ٣٥ سالی رابردوودا و به‌ تایبه‌ت ناڕه‌زایه‌تیه‌كان به‌ ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ٨٨ ، به‌رپرسانی رژیم پێیان وابوو كه‌ به‌و فێڵ و سه‌ركوته‌ ، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بۆ هه‌تایه‌ بیمه‌ كراوه‌ و ئیتر كه‌س ناتوانێ دژی كاره‌كانیان ناڕه‌زایه‌تی بنوێنێ . به‌هاری عه‌ره‌بی و شۆڕشی ئۆكراین ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ و له‌ تازه‌ترین باسدا پوورمحه‌مه‌دی كه‌ راوێژكاری حه‌سه‌ن رۆحانی و وه‌زیری داده‌وه‌ریه‌ و ده‌ستێكی باڵای له‌ كوشتاری خه‌ڵكانی بێ تاوانی ئێراندا هه‌یه‌ نیگه‌رانی خۆی له‌ شۆڕشی نارنجی ٢ ی ئۆكراین ده‌ربڕیوه‌ و ووتویه‌تی كه‌" دوستانی رژیم له‌و باره‌وه‌ خه‌م و نیگه‌رانیان نه‌بێ ". دیاره‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و رووداوه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی رژیمی نیگه‌ران نه‌كردایه‌ پێویست نه‌بوو كه‌ وابڵێن . سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی ئۆكراین له‌وباروه‌ بۆ سه‌رانی رژیم نیگه‌رانی هێنه‌ره‌ چونكه‌ ئه‌وان پێیان وابوو كه‌ به‌ هاتنه‌ سه‌ركاری حكومه‌تێكی سه‌ر به‌ روسیا له‌ ئۆكراین و زیندانی كردنی كاربه‌ده‌ستانی پێشوو و چالاكوانانی مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كان ئیتر سه‌رهه‌ڵدانی شورشێكی تر مه‌حاڵه‌ و بۆیه‌ خویان دڵخۆش كردبوو كه‌ له‌ ئێرانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ دوای سه‌ركوتی ساڵی ٨٨ ئه‌توانن پاڵی لی بده‌نه‌وه‌ و ئه‌رخه‌یان بن كه‌ هیچ ناڕه‌زایه‌تیه‌ك روو نادات چ بكات به‌ شۆڕشی جه‌ماوه‌ری .

به‌هاری عه‌ره‌بی و شۆرشی ئۆكراین و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی خه‌ڵكی ئیسفه‌هان و خورم ئاباد و به‌ تایبه‌ت به‌ختیاریه‌كان ئاخونده‌كانی نیگه‌ران كردووه‌ كه‌ نه‌كات شوڕشێكی گه‌وره‌تر له‌ رێ دابێت . بێگومان نیگه‌رانیه‌كه‌یان به‌ جێیه‌ ، چونكه‌ چوار مانگ له‌وه‌ پێش كه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی له‌ ئۆكراین سه‌ری هه‌ڵدا پێشبینی ئه‌م رۆژه‌ نه‌ده‌كرا . بریار وابوو له‌ سالی ٢٠١٥ دا هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌رجۆره‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ك بۆ كاتی هه‌لبژاردنه‌كان پێشبینی ده‌كرا ،  نه‌ك ئیستا . گه‌رچی زۆر كه‌س وای لێك ئه‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌یه‌كه‌ به‌ ده‌ستكیسی ئامریكا و بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی رووسیا له‌ هه‌مبه‌ر سوریا وئێران و له‌ درێژه‌ی به‌رنامه‌كانی ئامریكا دایه‌ بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئۆراسیا و جیهان به‌ لای خۆیدا و به‌ تایبه‌ت له‌ئێستادا كه‌ به‌ هاوكاری توركیا ئه‌یهه‌وێت پڕۆژه‌ی خه‌تی لوله‌ی گازی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئوروپا به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت .به‌ڵام راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵكی جیهان به‌ گشتی و وڵاته‌ داخراوه‌كان به‌ تایبه‌تی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك خۆیان له‌ به‌ند و سته‌می دیكتاتۆر و سته‌مگه‌ران رزگار ئه‌كه‌ن و وڵاتانێكی وه‌ك روسیا و چین له‌وه‌ زیاتر ناتوانن و ناشبێت ده‌ست به‌ سه‌ر ئیراده‌ و خواستی گه‌لانی ئازایخوازدا بگرن و پشتوانی له‌ رژیمه‌ دیكتاتور و خوێنڕێژه‌كانی جیهان بكه‌ن .

لێره‌دا له‌ سه‌ر پێشه‌كی سه‌روه‌ چه‌ند ده‌رسێكی تری گورانگاریه‌كانی ئۆكراین دێنینه‌ به‌ر باس و دیاره‌ له‌ موعاده‌لاتی جیهانیدا ده‌رس و كاریگه‌ری زیاتری تیا به‌دی ئه‌كرێت :

١. پشت به‌ستن به‌ وڵاتی ده‌ره‌كی هه‌رگیز له‌ مه‌سڵه‌حه‌تی ئه‌و وڵاته‌ تازه‌ پێگرتووانه‌دا نیه‌ . رووسیا تا ئیستا هه‌تا سه‌ر له‌ پشت هیچ وڵاتیك نه‌بوو و ئه‌گه‌ر مه‌سڵه‌حه‌تی كه‌وتبێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ به‌ له‌شكر كێشی سه‌ربازی كێشه‌كانی ئاڵوزتر كردووه‌ . هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌ربه‌خۆیی ئۆكراین ، رووسیا رێی له‌ پێشكه‌وتنی زیاتری ئه‌و وڵاته‌ گرتووه‌ ، چونكه‌ رووسیا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆی لا مه‌به‌سته‌ . له‌ باره‌ی ئێرانیشه‌وه‌ ئه‌و وابه‌سته‌یی و پێمل بوونه‌ی رژیمی ئاخوندی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی مۆسكۆ به‌ سودی خه‌ڵكی ئێران نه‌بووه‌ و هه‌موو پشتگریه‌كانی رووسیا له‌ ئێران له‌ سه‌ر رقه‌به‌ری ئه‌ووڵاته‌ بووه‌ له‌گه‌ڵ ئامریكا ، نه‌ك له‌ سه‌ر ئه‌ساسی یاسا جیهانیه‌كان و په‌یوه‌ندیه‌ دیپلۆماتیكه‌كان . ده‌رسێكی ئوكراین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پشت به‌ستن به‌ روسیا نابیته‌ هۆی ئه‌وه‌ی دیكتاتوره‌كانی سه‌ر به‌ روسیا له‌ روبه‌روو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكانی خۆیان له‌ ئه‌مان دا بن و پشت به‌ستن به‌ روسیا گه‌ره‌نتیه‌ك نیه‌ بۆ مانه‌وه‌یان له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات .بۆیه‌ ه‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌ جێی پشت به‌ستن به‌ روسیا و چین ، ئه‌بوایه‌ پشتیان به‌ خه‌ڵكی خۆیان و له‌ خزمه‌ت به‌دیهێنانی داخوازیه‌كانی خه‌ڵكه‌كه‌یان بوایه‌ نه‌ك به‌ جێهێنانی ئه‌مری كاربه‌ده‌ستانی كرێملین .

٢. سه‌ ركوتی بێڕه‌حمانه‌ و زیندانی كردنی ئازایخوازان و راوه‌دوونانی چالاكوانانی مافی مرۆڤ نابێته‌ گه‌ره‌نتی سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و شوڕشه‌كان ، وه‌ك چۆن دیسان له‌ ئۆكراین به‌ شیوه‌ی سالی ٢٠٠٤ سه‌رهه‌ڵدانی جه‌ماوه‌ری گه‌یشته‌وه‌ ئه‌نجام .

٣. پشت به‌ستن به‌ ئه‌رته‌شی به‌هێز نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی دیكتاتوره‌كان له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه‌ . ئۆكراین له‌ دوای رووسیا گه‌وره‌ترین ئه‌رته‌شی ئوروپای هه‌یه‌ ، به‌ڵام یانوكۆویچ ناچار بوو له‌ وڵات هه‌ڵێت و په‌نا بۆ رووسیا ببات ، چونكا ئه‌رته‌ش تا سه‌ر له‌ به‌رانبه‌ر خواستی هاوبه‌ش و جیدی جه‌ماوه‌ردا ناوه‌ستێته‌وه‌ .  

٤. سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تی گشتی و جوڵه‌ی نافه‌رمانی مه‌ده‌نی ، به‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ده‌بێت له‌وه‌ به‌دوا خه‌ڵك بۆ رزگار بوون له‌ سته‌می دیكتاتۆره‌كان به‌ هیوای ده‌ست تێوه‌ردانی نیزامی ده‌ره‌كی بن و یان شه‌ڕی ناوخۆیی هه‌ڵگیرسێت ، به‌ڵكو ده‌بێ شێوازی كۆن و نۆێ به‌ كار بهێنرێت و ناڕه‌زایه‌تی گشتی سه‌ر شه‌قام و گرتنی دامه‌زراوه‌ حكومه‌تیه‌كان له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌ساسی به‌ربه‌ركانێی توند و تیژی پارێز بكرێته‌ شێوازكی سه‌ره‌كی خه‌بات و هه‌وڵ بۆ رزگاری.

٥. چالاكی NGO كان و راگه‌یاندنی به‌رده‌وام له‌ سه‌ر داخوازیه‌كانی ناڕازییان و هه‌روه‌ها پشتگری مه‌عنه‌وی ئامریكا و یه‌كیه‌تی ئوروپا له‌ گۆڕانكاریه‌كانی ئۆكراین ، ئه‌و جوڵه‌ی به‌ قوه‌ت كرد و روحێكی تازه‌ و كارای پێدا . راكێشانی رای جیهانیان و ئه‌و دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نیانه‌ و پشتیوانیان بۆ ئه‌نجامی كاری شیاو له‌ كاتی ناره‌زایه‌تیه‌كان بۆ ئێمه‌ش پێویسته‌ . 

٦. رووسیا به‌م شكسته‌ ئه‌بێت له‌ به‌ره‌ی ئێران و سوریا كه‌مێك پاشه‌كشه‌ بكات له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كێشه‌كان له‌ سنووره‌كانی نزیك بۆته‌وه‌ و مه‌ترسی درووست كردووه‌ بو سه‌ر هه‌ڵدانی ناڕه‌زایی خه‌ڵكی رووسیا دژی گه‌نده‌ڵی و دیكتاتۆریه‌تی پوتین . رژیمی ئاخوندیش بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ نابێت له‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌ر كێشه‌ ناوه‌كیه‌كه‌ی پشت به‌ روسیا ببه‌ستیت و جه‌ماوه‌ری ئێرانیش باش ئه‌و بابه‌ته‌یان هه‌ست پیكردووه‌ و ئه‌بێت شكست و پاشه‌كشه‌كانی یه‌ك له‌ دوای یه‌كی روسیا و رژیم به‌ هه‌ند وه‌ربگرن 
shorshi_okrain_u_iran

ڕێکه‌و 2014-03-04 09:04:55
به‌شی ( وتار )







سیاسی