رۆژی زمانی زگماكی و ساڵیادی كۆچی مامۆستا هەژار لەئاوایی "نێ" بەرز راگیرا
لە گوندی "نێ"ی سەر بە شارستانی مەریوان رێوڕەسمێک بەبۆنەی رۆژی زمانی زگماكی و ساڵڕۆژی كۆچی دوایی مامۆستا هەژار شاعیر و نووسەری بەناوبانگی كورد بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی كوردپا ، رۆژی هەینی رێكەوتی ٢ی رەشەمە دانیشتوانی ئاوایی نێبەمەبەستی گرینگدان بە زمانی دایكی وهەروەها رێز گرتن لەخزمەتەكانی مامۆستا هەژار رێوڕەسمێكیان بەڕێوە برد و تێیدا پێش نوێژی ئەو ئاواییە لەسەر ئەو دوو بابەتە بۆ بەشداران دوا. چالاكانی فەرهەنگیی كورد ماوەی چەندین ساڵە لەژێر ناوی جۆراوجۆردا رۆژی ٢ی رەشەممە بەرز دەنرخێنن و هەروەها لەو رۆژەدا چالاكیش بەڕێوە دەبن. بە وتەی ئەو چالاكانە، ماوەی ٣٥ ساڵە دەسەڵاتدارنی حكوومەتی ئێران رێگەیان بە خەڵكی كورد و باقی نەتەوەكانی دیكەی ئێران نەداوە، كە بە زمانی خۆیان بخوێنن و بە بەردەوامیش وتوویانە زمانی كوردی شوناسی نەتەوەی كوردە و بە هیچ دەسەڵاتێک لەناو ناچێت. لە رێوڕەسمی رۆژی زمانی دایک و ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا هەژار، ژمارەیەكی بەرچاو چالاكی فەرهەنگی و دانیشتوانی ئاواییەكانی دەورووبەریی شاری مەریوان بەشداربوون و لە رێوڕەسمەكەدا ژیاننامەی مامۆستا هەژار بڵاو كرابۆوە. مامۆستا هەژار( عەبدولرەحمانی شەرەفكەندی) ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی( ١٩٢١)ی زایینی لەگوندی تەرەغەی سەربە شاری بۆکان لە دایک بووە و لە تەمەنی دوو ساڵیدا لە سۆزی دایكی بێبەش بووە و لە هەمان سەردەمی منداڵییەوە تامی سەخڵەتی و تاڵی ژیانی چێشتووە. "عەبدولرەحمانی شەرەفكەندی" دواتر دەبێتە یەكێک لە شاعیران و وەرگێڕانی خاوەن رێچکە و بەناوبانگەکانی كورد و تەنانەت لە ناو فارسەكانیشدا جێگەی خامەكەی دیار و بەرچاوە
ڕێکهو 2014-02-22 09:30:28
بهشی ( ههواڵهکان )