گـرینگی كـاری رێـكـخـراوه‌یـی و بـه‌رپـرسـیاریـه‌تی گـشتی كـۆمـه‌ڵـگـا
بێگومان گه‌لی كوردیش وه‌ك له‌ كۆنه‌وه‌ و به‌ تایبه‌تیش له‌دوای به‌رێوه‌برنی پرۆسه‌ی داسه‌پێنه‌رانه‌ی لێكدابڕان و دابه‌شبوون له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریی و وه‌لاتانی زلهێزی جیهان كه‌م تا زۆر له‌گه‌ڵ چه‌مكی حیزب و رێكخستن و ئورگانیزه‌كردنی كۆمه‌ڵگا ئاشنایه‌تیان هه‌بووه‌ و به‌ پێی زه‌مه‌نه‌ مێژووییه‌كان ئه‌گه‌ر وه‌ك ئێستاش نه‌بووبێ پێوه‌ندییان به‌ دیارده‌ی حیزبایه‌تی و رێكخستنی كۆمه‌ڵگا بووه‌. ئه‌و ره‌وته‌ به‌ هاتنی سه‌رده‌می مۆدێرن و چه‌مكی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و گلوبالیزاسیۆن ئه‌وه‌نده‌ی تر خێرایی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و مرۆڤی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی زیاتر په‌ڵكێشی كاری ده‌سته‌جه‌معی و رێكخراویی كردووه‌ و به‌هه‌مان شێوه‌ش گه‌لی كورد زیاتر هه‌نگاوی بۆ مودیرن كردنی كاری رێكخستن و خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی كردووه‌ و پێناسه‌ی نوێی پێ به‌خشیوه‌.  زه‌روره‌ت و پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێستا  دروست بوونی حیزب و رێكخراوه‌كان و كاری كۆی كردۆته‌ بابه‌تێكی حه‌یاتی و ئه‌مرۆكه‌ ته‌نانه‌ت كۆمه‌لێكی بچووكیش بۆ رێكخستن و په‌ره‌سه‌ندن به‌ كار و چالاكی و هزر و ئامانجه‌كانیان له‌ ژێر سێبه‌ری پرۆگرام و به‌رنامه‌ و ئامانجێكی دیار ته‌شه‌كول و رێكخراوێك پێك دێنن و به‌ كۆ كاری بۆ ده‌كه‌ن. 

ده‌رئه‌نجامه‌كانی كاری كۆ و شوێنه‌وار و ئاسه‌واره‌كانی له‌سه‌ر به‌رهه‌م و ده‌سكه‌وته‌كانی مرۆڤایه‌تی به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گرن بۆ سه‌لماندنی زه‌روره‌تی كاریی رێكخراوه‌یی له‌سه‌رده‌می ئێستامان دا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ كاریی ده‌سته‌یی و كۆ قازانج و به‌رهه‌مه‌كان بۆ هه‌موو لایه‌ك مسۆگه‌ر ده‌كا و رێگه‌كانی پێش كه‌وتنی كۆمه‌ڵ له‌بار ده‌كا وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و كۆمه‌لایه‌تیش خۆ ده‌نوێنێ و هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵ له‌راست به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتیه‌كان به‌رپرسیار ده‌كا. یاساكانی ئه‌مرۆی كۆمه‌لگای مرۆڤایه‌تی سنووری به‌رپرسیاریه‌تیه‌كان ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی تاك به‌ربه‌ست ناكا به‌ڵكو تاكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌رپرسیاره‌تی هه‌یه‌ له‌راست كۆ و پێویسته‌ ده‌روه‌ست بێ سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووس و داهاتووی هاوبۆچوون و هاونه‌وع و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی. به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و تێزه‌ دا كۆمه‌لێك بۆچوونی نابه‌رپه‌رسیار هه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵ بۆ خۆ دزینه‌وه‌ له‌ژێر باری ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ ئه‌خلاقیه‌كان ده‌دا و له‌ژێر ده‌یان بیانوو و هۆكاری ناراست هه‌وڵ بۆ پاراستنی سنووری ئه‌ركه‌كانی تاك له‌ناو كۆمه‌ڵ ده‌دا و به‌ جۆرێك كلتوورێكی نابه‌رپرسیاری و بێ ده‌ربه‌ستی له‌به‌رانبه‌ر ره‌وتی مێژوو و داهاتوو دا په‌ره‌ پێده‌دا و به‌كۆمه‌لێك ده‌سته‌واژه‌ی نائه‌مرۆیی پێوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ نییه‌ و من چم داوه‌ له‌و سه‌رئێشه‌یه‌ و كلاوی خۆم ده‌گرم با نه‌یبا، خۆ له‌هه‌موو كارێكی كۆ و ده‌سته‌جه‌معی ده‌دزێته‌وه‌ و دووری لێده‌كا. 

هه‌ر ئه‌و كلتووره‌ نه‌شیاوه‌ له‌ ئێستا دا خۆی خزاندۆته‌ ناو پرۆسه‌ی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌مان و كه‌م نین ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌و پێوندییه‌ دا هیچ ئه‌ركێك ته‌نانه‌ت ساكار ترین ئه‌رك و كاره‌كان هه‌ر بۆ نمونه‌ پاراستنی ژینگه‌ی نیشتمان ، ناخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌ستۆی خۆیان و به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێ و بلوێ بۆ خۆده‌رباز كردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی گله‌یی و گازه‌نده‌ له‌سه‌ر خۆیان هه‌وڵی رووخانی هه‌موو ئه‌وده‌سكه‌وتانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌ زه‌حمه‌ت و مه‌ینه‌تی كه‌سانێك بونیاد نراوه‌ و ئه‌و گشته‌ هه‌وڵ و ماندووبوونه‌ ده‌كه‌نه‌ هیچ و به‌ بێ سوودی دێننه‌ ئه‌ژمار ته‌نیا به‌ ئامانجی داپۆشینی خۆدزینه‌وه‌ له‌به‌رپرسیاره‌تیه‌كانی خۆیان. هه‌ڵبه‌ت كه‌ دوترێ خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ مه‌به‌ست ته‌نیا یه‌ك شكڵ و چوارچێوه‌ی دیاریكراو نییه‌ به‌ڵكو ئه‌و خه‌باته‌ ده‌كرێ به‌ هه‌زاران رێچكه‌ و رێباز ببرێته‌ پێشه‌وه‌ و هه‌ر كه‌سه‌ له‌ جێی خۆی كاری بۆ بكات. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌راست ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزه‌ هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگا خۆی به‌به‌رپرسیار بزانێ و مشووری لێ بخوا و به‌ رێگه‌ی جۆراوجۆر كار بۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ی قازانجه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ و ئه‌و نیشتمانه‌ بكات و به‌مجۆره‌ هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی یه‌ك ئامانج تێبكۆشن.  

هه‌ڵبه‌ت نابێ یه‌ك لایه‌نه‌ قه‌زاوه‌ت بكرێ چوونكه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاتن و به‌ره‌وپێش چوونی كاریی رێكخراوه‌یی و به‌ كۆمه‌ڵ بۆ ناو كۆمه‌ڵگا  پێوه‌ندییه‌كانی ناو ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ش پێچه‌لاوپێچی تێكه‌وتووه‌ و كۆمه‌لێك بابه‌تی دزێو و ناته‌ندورست خۆی خزاندۆته‌ ناو ئه‌و دیارده‌یه‌ و به‌شێكی بێزارییه‌كانی تاك له‌كاریی رێكخراوه‌یی و به‌ كۆمه‌ڵ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناته‌بایی و كێشانه‌ی له‌ناو كاری گشتی دا دروست ده‌بێ و ئه‌وه‌ راستیه‌ش ناكرێ حاشای لێ بكرێ ، به‌لام ئه‌وه‌ به‌ واتایه‌ نایه‌ كه‌ له‌راست به‌رپرسیاره‌تی و ئه‌ركه‌كانمان بێ ده‌ربه‌ست و بێ خه‌یاڵ بین و زه‌رور نییه‌ هه‌موو هیوا و ئاواته‌كان له‌سه‌ر ره‌هه‌ند و رێچكه‌یێك  هه‌ڵچنرێ كه‌ له‌دوایش دا نائومێدی و رووخانی كۆشكی خه‌یاڵه‌كانمانی لێبكه‌وێته‌وه‌. كه‌ باس له‌ كاریی به‌ كۆمه‌ڵ و رێكخستن ده‌كرێ زیاتر مه‌به‌ست ره‌هه‌ندێكی ئه‌خلاقیه‌ كه‌ به‌رپرسیاریه‌تی گشتی ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵ و ئه‌و به‌رپرسیاره‌تیه‌ وات لێده‌كات له‌هه‌مبه‌ر هیچ رووداوێكی ناو كۆمه‌ڵ تۆ بێ ده‌ربه‌ست نه‌بێ و خۆ له‌راست ئه‌ركه‌كانت نه‌دزیته‌وه‌ و شكستی كۆمه‌ڵ به‌ شكستی خۆت بزانی و سه‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵیش به‌ سه‌ركه‌وتنی خۆت بزانی. 

ئه‌وه‌ی له‌كۆتا قسه‌ پێویسته‌ بوترێ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاك به‌ بێ كۆمه‌ڵ بوونی نییه‌ و كۆمه‌ڵیش به‌ بوونی تاك كۆمه‌ڵ نییه‌ و پێویسته‌ له‌ پێوه‌ندیێی ئورگانیك و رێكخراو كار بۆ به‌رژوه‌ندییه‌ گشتیه‌كان بكرێ و كۆمه‌ڵ حورمه‌ت و كه‌رامه‌تی تاك بپارێزێ و تاكیش وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی له‌پێناو كۆمه‌ڵ خۆی ته‌رخان كات وكار بۆ پێش كه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی بكات.  

teamwork


ڕێکه‌و 2013-11-04 09:17:20
به‌شی ( وتار )







سیاسی