هیوادارین بە هاتنی سالی نوێی كوردی و جەژنی نەورۆز هیوا و ئاواتەكانی میللەتی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان بێتە دی و كۆتایی بە دەسەڵاتی دیكتاتۆری رژێمی ئاخووندی بێت و نەتەوەكەمان وەك باقی نەتەوەكانیتر جەژن و شادی لە زێدی باب و باپیرانی خۆی بگێرێت.
ئێمە لەكاتێكدا پێشوازی لە سالی نوێی كوردی دەكەین كە جیهان و ئێران بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەرێت و چاوەروان دەكرێت ئەمساڵ ساڵی قەیراناوی بێت بۆ دەسەڵاتدارانی سەركۆتگەری رژێمی ئاخووندی ، هەروەها بەهۆیی نزیك بوونەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری لە ئێران كێشە و ئالۆزی توند كەوتووەتە ناو باڵەكانی رژێم و هەر رۆژە قەیرانێك لە ناو ئەو دەسەڵاتەوە سەر هەڵدەدات، هەر وەك دەبینین رژێم لە كوردستان بەهەمووشێوەیەك یاد كردنەوە و بەرێوەچوونی ئاهەنگەكانی نەورۆزی قەدەغەكردووە و سزایی توندی بۆ ئەو كەسانە دانەوە كە سەرپێچی دەكەن ،ئەمەش لەكاتێكدایە كەهەڵاوسانی ئابووری و خراپی باری گوزەرانی خەلكی ئێران بە گشتی و زیادكردنی گەمارۆكان بۆسەر ئێران وای لە كاربەدەستانی رژێم كردووە لە ترسی خۆپیشاندان و نارەزایەتی لەبەرامبەریان هەموو رێوشوێنێكی ئەمنی توند بگرنەبەر.
ئێمە وەك ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران دووبارە پیرۆزبایی خۆمان پێشكەش بە گەلی كورد بەگشتی دەكەین ،هیوادارین سالی نوێ سالی هاتنەدی ئامانجەكانمان بێت و یەكگرتن و یەكریزی لە ناو هێزە شۆرشگێرەكانی كوردستانی ئێران درووست بێت و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر وڵاتەكەمان و ناوچەكەدا بكێشێت .
ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران
دەستەیی بەرێوەبەری
30ی رەشەمەی 1391