كوشتنی خه‌ڵكی كوردستان به‌ بیانووی باری قاچاخ
له‌ ئێران به‌ گشتی و له‌ كوردستان به‌ تایبه‌تی به‌ هۆی نه‌بوونی گه‌شه‌ی كۆمه‌لایه‌تی و داڕماندنی ئابووری زۆربه‌ی خه‌ڵك له‌ ژێر هێڵی هه‌ژاریدا ده‌ژین. زۆربه‌ی خه‌ڵكی كورد بێكارن و له‌بوونی.

ده‌رفه‌تێكی كار بێ به‌شن. هه‌ر بۆیه‌ ناچار روو له‌سنووره‌كان به‌ره‌ورووی مه‌رگ ده‌بنه‌وه‌. راستی تاوانی ئه‌و كۆڵبه‌رانه‌ چییه‌ كه‌ ناچارن له‌به‌ر گرانی و نه‌بوونی كار خۆیان بخه‌نه‌ ژێر كارێكی وه‌ها سه‌خت و دژوار؟ ئه‌گه‌ر تاوانبارن له‌ كام یاسادا هه‌یه‌ كه‌ تاوانبار به‌ بێ دادگایی كردن راسته‌و خۆ ده‌بێت بكوژرێت؟ به‌ پێی یاسای قاچاخ له‌ رژێمی ئێران كه‌ل و په‌لێك ده‌چنه‌ ناو لیستی قاچاخه‌وه‌ كه‌ زیانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ولات یان به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسای شه‌رعی ئه‌و ولاته‌ هه‌بێت، كه‌ وایه‌ كه‌ی باری خوارده‌مه‌نی یان كه‌ل و په‌لی ناو ماڵ ده‌چێته‌ لیستی قاچاخه‌وه‌. یان به‌ پێی یاسایێكی دیكه‌ی ئه‌و رژێمه‌، بارێك كه‌ نرخه‌كه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك میلیون تمه‌ن بێت پێی ده‌وترێت باری قاچاخ ،له‌ حالێكدا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری باری كۆڵبه‌ران نرخه‌كه‌ی له‌ ژێر یه‌ك میلیون تمه‌ن دایه‌. كۆڵبه‌ر كێیه‌ و بۆچی كاری كۆڵبه‌ری ده‌كات؟ ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی كار له‌ كوردستان ببێت، ئه‌گه‌ر گرانی نه‌بێت و داهاتی خه‌ڵك وه‌ك پێویست بێت كێ ڕوو له‌ سنووره‌كان ده‌كات. كۆڵبه‌ری به‌رهه‌می ده‌سه‌لاتی پاوانخوازانه‌ی ئه‌و رژێمه‌یه‌ كه‌ ژن و پیاوی كورد ناچار ده‌كات ژیانی خۆیان بفرۆشن بۆ ئه‌وه‌یكه‌ بتوانن سكی منداڵه‌كانیان تێر بكه‌ن. هه‌ر وه‌ك هه‌مووان ئاگادارن كوردستانی ژێر ده‌سه‌لاتی رژێمی ئاخووندی له‌ هه‌موو بوارێكدا له‌ چاو باقی به‌شه‌كانی ئێران له‌ له‌ ژێر كاریگه‌ری راسته‌وخۆی ده‌سه‌لاتی دژه‌ كوردی ئه‌و رژێمه‌یه‌ و هیچ كات ده‌سه‌لاتداران هه‌ولیان نه‌داوه‌ كوردستان پێشكه‌وتن به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت. بۆیه‌ خه‌ڵكی كوردستان و به‌ تایبه‌ت لاوان ناچار ده‌بن بۆ گوزه‌رانی ژیانی رۆژانه‌یان روو له‌ سنووره‌كان بكه‌ن و كه‌ل و په‌ل له‌ رێگه‌ شاخاوییه‌كان و رێگه‌ پڕ مه‌ترسییه‌كانه‌وه‌ هاورده‌ی ولات بكه‌ن و له‌ بڕی پاره‌ێكی كه‌مدا بارێكی قورس هه‌ڵبگرن و گیانی خۆیان بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌. له‌ باروودۆخێكدا كه‌ زۆربه‌ی كۆڵبه‌رانی كورد له‌ رێگای ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ نیزامییه‌كانه‌وه‌ كوژراون كه‌ به‌ پێی ماده‌ی ٣ له‌ به‌ندی ١٠ی خاڵی ٣ی یاسای خودی رژێم به‌ كارهێنانی چه‌ك له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ هیچ رێگاێكیتر نه‌بیت و له‌و كاته‌یشدا هێزه‌ نیزامییه‌كان سه‌ره‌تا ده‌بیت ته‌قه‌ی ئاسمانی بكه‌ن و ئه‌گه‌ر ناچاریش بوون له‌ كه‌مه‌ر به‌ خواره‌وه‌ ته‌قه‌ بكه‌ن به‌لام هه‌روه‌ك ده‌بینین و ده‌بیسین هێزه‌كانی ڕژیم نه‌ته‌نیا ڕه‌حم به‌ كۆڵبه‌ران ناكه‌ن به‌ڵكوو ئه‌سب و هێستره‌كانیان به‌ بێ ره‌حمانه‌ ده‌كوژن. بۆ نموونه‌ له‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ ١٨ی رێبه‌ندان كۆمه‌ڵێك له‌ كۆڵبه‌رانی كورد له‌ خێله‌ ره‌شی بانه‌ ده‌كه‌ونه‌ بۆسه‌ی هێزه‌ نیزامییه‌كانی رژێمه‌وه‌ و چوار كه‌سیان لێ ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كه‌ن و دوایی به‌ ده‌ست و لاقی به‌ستراو له‌ چیای سووركێوی بانه‌ فرێیان ده‌ده‌نه‌ خواره‌وه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ سێكه‌سیان به‌ ناوه‌كانی حوسه‌ین رۆسته‌م نژاد، ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ، هوشیار رۆسته‌م نژاد و رزگار كه‌تانی گیانیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و كه‌سی چواره‌میش به‌ ناوی عه‌لی مام نادر كه‌ رزگاری ده‌بێت ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر مینی چێندراو و لاقێكی له‌ ده‌ست ده‌دات. به‌ پێی سه‌رچاوه‌ هه‌واڵده‌ریه‌كان ده‌سه‌لاتی رژێم له‌ جیاتی ولام دانه‌وه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و كوژراوانه‌ باوكیانیشیان بۆ ماوه‌یێك ده‌ست به‌سه‌ركردووه‌ به‌ تاوانی ئه‌وه‌ كه‌ میدیاكان هه‌واڵی كوشتنی رۆڵه‌كه‌یان بلاو كردووه‌ته‌وه‌. له‌ حالێكدا كوشتن و بریندار كردنی كۆڵبه‌رانی كورد درێژه‌ی هه‌یه‌ به‌ تاوانی قاچاخ فرۆش، كه‌ زۆربه‌ی به‌رپرسانی رژێم و ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانیان به‌ بازرگانی كردن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ له‌ ئێران سه‌رقاڵن و تا ئێستا هیچ قاچاخ فرۆشێكی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌ ته‌قه‌ی هێزه‌ نیزامییه‌كان نه‌كوژراوه‌ چوونكه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تی رژێمه‌. به‌ پێی ئامارێك كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ هه‌واڵده‌رییه‌كانه‌وه‌ بلاو كراوه‌ته‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ١٠ مانگی رابردوو زیاتر له‌ ٧٤ كوڵبه‌ر كوژراون كه‌ چوار كه‌سیان به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین و ٧٠ كه‌سیشیان به‌ ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌كانی رژێم كوژراون و زیاتر له‌ ٨٠ كه‌سیش له‌و ماوه‌دا بریندار كراون. ته‌مه‌نی زۆربه‌ی ئه‌و كوژراوانه‌ ١٨ بۆ ٣٠ ساڵ بووه‌. هیچ كه‌سێك له‌ ده‌سه‌لاتدارانی رژێمیش تا ئیستا ولام ده‌ره‌وه‌ی كوژران و بریندار كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ نه‌بوون و بگره‌ بنه‌ماڵه‌كانیشیان خستووه‌ته‌ ژێر فشارو ئازاره‌وه‌. هه‌ر رۆژه‌  فشاری ئابووری و بێكاری له‌ كوردستان زیاتر ده‌بێت و به‌ پێی ئاماری ره‌سمی رژێم رێژه‌ی بێكاری له‌ كوردستان ١٤ له‌سه‌ده‌ كه‌ به‌ باوه‌ری زۆربه‌ی كارناسان ئه‌و داتایه‌ دووره‌ له‌ راستی و رێژه‌ی بێكاری نزیكه‌ی ٣٠ له‌سه‌ده‌ و ئاماری بێكاری خه‌ڵكی كوردستان هه‌ر رۆژه‌ زیاتر ده‌بێت و خه‌ڵك له‌ باروودۆخێكی خرابدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ چیتر له‌ ئاست ئه‌و تاوانه‌ قیزه‌ونانه‌دا بێده‌نگ نه‌بین و نه‌هێڵین رژێم به‌م كوشتاره‌ی خه‌ڵكی كوردستان درێژه‌ بدات.
t0.gstatic

ڕێکه‌و 2013-02-20 10:14:03
به‌شی ( وتار )







سیاسی