زیندوو كردنه‌وه‌ى یاده‌وه‌رییه‌كانى شه‌رِ بۆ گه‌رانه‌وه‌ى مه‌شروعیه‌ت
قوربانى كه‌ دوایین نموونه‌ى وه‌رگه‌رِانى ماشێنى هه‌ڵگرى ئه‌و خوێندكارانه‌ بوو كه‌ تێیدا دوو كه‌س كوژران و حه‌فده‌یتریش بریندار بوون. به‌ پێى ئاماره‌كان له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواییدا زیاتر له‌ ١٠٠ لاو و خۆێندكارى ئێرانى كه‌ به‌ هه‌ره‌شه‌ى به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ براون بۆ گه‌شتى راهیانى نوور مردوون و زیاتر له‌ ٢٠٠ كه‌سیش بریندار بوون. تا ئێستایش هیچ كه‌س و ئۆرگانێك خۆى له‌ مه‌رِ گیان دانى ئه‌و لاوانه‌ به‌ به‌رپرسیار نازانێت و ته‌نیا بنه‌ماڵه‌كانیانن كه‌ له‌ دواى مردن یان بریندار بوونى رۆڵه‌كانیان داخ و په‌ژاره‌یان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ و ناشتوانن سكالا له‌ لاى هیچ ئورگان و ناوه‌ندێك تۆمار بكه‌ن. لێره‌دا ئه‌و پرسیارانه‌ دروست ده‌بێ كه‌ ئایا به‌رپرسانى رژێم منداڵه‌كانى خۆیان بۆ وه‌ها گه‌شتێك ده‌نێرن؟ ئایا ئیزن به‌ منداڵه‌كانى خۆیان ده‌ده‌ن كه‌ له‌ جیاتى سه‌یروسه‌فه‌ر له‌ ولاتانى پێشكه‌وتووى دونیا و خوێندن له‌ باشترین زانكۆكانى جیهان برۆن و یاده‌وه‌رى كوشتن و بێ سه‌رووشوێن بوونى به‌شداربووانى شه‌رِ ببینن؟ فه‌لسه‌فه‌ى ئه‌و جۆره‌ گه‌شتانه‌ بۆ لاوانى خۆیندار چیه‌، و چ جۆره‌ زانیاریێك به‌ خوێندكاران ده‌به‌خشێت؟ بۆچى ده‌بێت مێشكى لاوان له‌ جیاتى عیلم و زانست، به‌ یاده‌وه‌رى تاڵى شه‌رِ پرِ بكرێته‌وه‌؟

روون و ئاشكرایه‌ كه‌ رژیمى ئاخوندى له‌ گه‌ڵ قه‌یرانى مه‌شروعیه‌تى ده‌سه‌لاته‌كه‌ى به‌ره‌وروویه‌  و له‌وه‌ها دۆخێكدا پێویستى به‌ دووباره‌ زیندووكردنه‌وه‌ى یاده‌وه‌رییه‌كانى شه‌ر و ناشتنى ته‌رمى كوژراوانى شه‌ر له‌ زانستگاكان و له‌ژێر ناوى راهیانى نوور  بردنى لاوان و خوێندكاران بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى شه‌رى تێدا كراوه‌ و گه‌رانى ته‌رمى ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ ناوشاره‌كانى ئێرانه‌  و به‌و هومێده‌یه‌ كه‌ به‌مجۆره‌ بتوانێ هاوسۆزى لاوان و خوێندكاران و خه‌ڵك بۆ ده‌سه‌لاته‌ نگریسه‌كه‌ى راكێشێ و به‌رده‌وام وه‌بیرخه‌ڵكى بێنێته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌و قۆناغه‌ دا تێپه‌ر بووین و هێشتاش مه‌ترسی دژمنى ده‌ره‌كیمان له‌سه‌ره‌.  شه‌ر بوو به‌ هۆى سه‌قامگیریی ئاخونده‌كان  و هه‌روه‌ك خومه‌ینیش له‌كاتى شه‌ر ووتى شه‌ر نیعمه‌تێكى ئاسمانیه‌ و كۆتایی هاتنى شه‌ریشى به‌ جامى ژه‌هر ناوه‌زد كرد. ئه‌مرۆش به‌ تێپه‌رینى چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر شه‌رى ٨ ساڵه‌ نان به‌ كه‌سه‌ كوژراو و یاده‌ورییه‌كانى شه‌ره‌وه‌ ده‌خوا و ده‌یانكاته‌ هۆیێك بۆ مه‌شروعیه‌ت به‌خشین به‌ ده‌سه‌لاته‌كه‌ى و فریو و چه‌واشه‌كردنى لاوان و خوێندكاران و خه‌ڵكى ئێران  به‌ گشتى. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌ رژیم به‌ جێگه‌ى ئه‌وه‌ى دۆخى ژیان و خوشگوزه‌رانى خه‌ڵك باش بكات و بیر له‌ دروست كردنى ده‌رفه‌تى كار و بردنه‌ پێشه‌وه‌ى زانست و ته‌كنه‌لۆژیا بكات و چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌ و خه‌ساره‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كان بدۆزێته‌وه‌ دێ بیر له‌ بره‌ودانى بنه‌ما ئیدئۆلۆژییه‌كانى ده‌كاته‌وه‌. له‌كاتێكدا كه‌ ئێران به‌ره‌ورووى گه‌وره‌ترین قه‌یرانى مێژووى خۆى بۆته‌وه‌ و خه‌ڵك له‌وپه‌رى چه‌رمه‌سه‌رى دا ژیان ده‌كه‌ن ده‌بێ ئه‌و جۆره‌ كرده‌وانه‌ چ كاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر خه‌ڵك دابنێ.

ئه‌وه‌ى گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك به‌ باشی راستیه‌كانى ئه‌و ده‌ورانه‌ ده‌زانن و ئاگاداران كه‌ رژیم ٦ ساڵ  ماوه‌ى شه‌ره‌كه‌ى درێژ كرده‌وه‌ و به‌رده‌وامى ئه‌و شه‌ره‌ش هیچ ده‌سكه‌وتێكى جگه‌ له‌ ماڵویرانى و كوشتن و برین بۆ خه‌ڵك به‌دواوه‌ نه‌بوو و ته‌نانه‌ت ئێستاش ئاكامه‌ خراپه‌كانى دواى تێپه‌ر بوونى چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و شه‌رِه‌دا به‌سه‌ر چاره‌نووس و ژیانى خه‌ڵكدا ماوه‌ته‌وه‌. رژیمى ئاخوندى له‌ كۆتاییه‌كانى ته‌مه‌نى ده‌سه‌لاتداریه‌كه‌ێتى و به‌مجۆره‌ كرده‌وانه‌ ناتوانێ هیچ له‌ ئه‌سڵى بابه‌ته‌كه‌ بگۆرێ كه‌ كۆتایی مه‌شروعیه‌تى رژیمى ئاخوندییه‌ وبه‌م جۆره‌ كارانه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ ئێستا دا ته‌نیا رق و بێزارى زیاترى خه‌ڵكى بۆ ده‌مێنێته‌وه‌. 

11111


ڕێکه‌و 2012-11-24 08:57:04
به‌شی ( وتار )







سیاسی