سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو قوتابخانەكانی مەریوان بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، كە هەتا ئێستا ناوەندە پێوەندیدارەكانی مەریوان پارەی "فەڕاش، فیشی ئاو، بەرق، گاز و تەلەفۆن"ی قوتابخانەكانی ئەو شارەیان نەداوە.
لە درێژەی راپۆرتی هەواڵنێری كوردپادا هاتووە، بەشێك لە گوندە پڕ حەشیمەتەكان وهەروەها و بەخشەكانی سەر بە شاری مەریوان لە بوونی "قوتابخانەی ناوەندی" بێبەشن و هەروەها لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی زۆریی قوتابی و بچووك بوونی پۆلەكان، چەند پۆلێكی قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی لە یەك پۆلدا دەخوێنن و ئەمەش بۆتە گرفتی تێگەیشتن و پەروەردە بۆ قوتابیان و مامۆستایان.
بنەماڵەی قوتابیان و چالاكانی فەرهەنگیی مەریوان لەو باوەڕە دان ئەم كەمتەرخەمی و كەمكارییانەی حكوومەت لە بواری خوێندن و قوتابخانەكانی شاری مەریوان بەو مەبەستەیە كە بنەماڵەكان بار بهێنن كە خۆیان خەرجی قوتابخانەكان بدەن و ئەم كارەش بەو بیانووەوە دەكەن كە دەیانهەوێ بەرەبەرە قوتابخانەكانیش بكەنە كەرتی تایبەت.
