ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی لاوانی خەبات بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی لاوان

نزیک بە ۲۳ ساڵ لەمەو پێش و لە ۱۷ دیسەمبەری ساڵی ۱۹۹۹ ڕێکخراوی گشتی UN بڕیاری ژمارە(٥٤ لەسەر ١٢٠)ی دەرکرد و، تێیدا ۱۲ ئاگوستی هەموو ساڵێکی بەڕۆژی جیهانی لاوانی ناساند و پەسەند کرد. ساڵانە لە جیهاندا یادی ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگیرێت و داهێنان و پێشکەوتنی لاوان دیاری دەکرێت و بەرنامە و پلانی نوێش بۆ ساڵی داهاتوو دادەنێن.

ڕۆژی جیهانی لاوان لە هەر وڵاتێک بە شێوەیک یادی دەکرێتەوە، بەڵام لە ئێران ڕۆژی جیهانی لاوان تایبەت کراوە بە ساڵڕۆژی لە دایکبوونی عەلی ئەکبەر کوڕی ئیمام حوسەین، کە دەکاتە 11شەعبانی هەموو ساڵێک.

بەداخەوە چینی لاوان لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان ژیانێکی ناخۆش و پڕ لە کێشەیان هەیە. بەجۆرێک کە لاوان لە ئێران لەدوای چەندین ساڵ خوێندن بەڵام لەهیچ دامو دەزگایەکی حکومیدا کاریان پێ نادرێت، ئەگەر کەسێکی ئەندامی سپای پاسداران نەبێت یان کار بۆ ڕژیمی ئاخوندی نەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی بێ هیوایی ئەم چینە لەم کۆمەڵگایەدا و تەنانەت دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو دەست بدەنە خۆکوشتن، یان بەهۆی نەبوونی هەلی کار لە ئێران تووشی چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبنەوە کە لە ئەنجامدا بەداخەوە زۆربەیان ئالوودەی مادە هۆشبەرەکان، یان خواردنەوە کحوولیەکان دەبن.

چینی لاوان چینێکی بەتوانا و بەهێزن و هەمیشە حەز بە بەرەوپێش چوون و داهێنان دەکەن، بەڵام بە داخەوە لە ئێرانی بندەستی ئاخوندان چینی لاوان ناحەقی و بێ رێزی زۆریان بەرانبەر دەکرێت و هەمیشە سەرکوت دەکرێن.

لاوان لە کوردستان زیاتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێران زۆڵمیان لێ دەکرێت، ئێمە ڕۆژانە دەبینین کە لاوانی کورد بەهۆی بێکاری ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن کە ئەم کارەش لە یاسای ڕژیمی ئاخوندی بە قاچاخ هەژمار دەکرێت و ڕۆژانە چەندین لاوی کورد بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم شەهید دەبن، یان دەگیرێن و بەتۆمەتی جۆراوجۆر بەند دەکرێن.

ئێمە وەکوو ڕێکخراوی لاوانی خەبات هەموو ساڵێک لەم یادەدا بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە هەمیشە بە بەرنامەی جوان و بیری سەردەمیانە کۆمەڵگاکەمان بەرەو پێش بەرین و پشتیوانی لە هەموو لاوانی وڵات و بەتایبەت لاوانی مافخوراوی کوردستان دەکەین و هیوادارین بۆ بەدی هێنانی ئامانجە مەزنەکانتان و هەروەها کۆتایی هێنان بە زوڵم و زۆری ڕژیمی ئاخوندی دژ بەو ڕژیمە بووەستنەوە و داوای مافی خۆتان بکەن، بەڵام بەبێ قوربانیدان ماف وەرناگیرێت هەربۆیه داوا لە لاوانی خوێنگەرم و زوڵم لێکراوی کوردستان دەکەین کە بۆ بەدەست هێنانی مافە کانتان پەیوەست بن بە ڕێزەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و ببنە ئەندام لە ڕێکخراوی لاوانی خەبات و چەکی شەرەف پڕ لەشانازی لەشان بکەن و شان بەشانی خوشک و برا پێشمەرگەکانی دیکەتان دژ بە ڕژیمی ئاخوندی بووەستنەوە.

دووبارە پیرۆزبێت رۆژی جیهانی لاوان.

بڕوخێت رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی.

سەرکەوێت خەباتی رزگاریخوازی کورد و کوردستان.

 

ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

دەستەی بەرێوەبەری

۱۱ی ئاگوستی ۲۰۲۲
ڕێکه‌و 2022-08-11 20:26:34
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی