پەیامی رێکخراوی لاوانی خەبات بە بۆنەی رۆژی زمانی دایکی

زمانی دایکی ناسنامەیە و یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ناساندن و پێشەوە چوونی هەر نەتەوەیەکە. ۲۱ی فێبریوار رۆژی جیهانی زمانی دایکی یە و هەموو ساڵێک لەو رۆژەدا لە سەرەتاسەری دونیا یادی زمانی دایکی بەرز رادەگیرێت.
کەسێک کە لە زمانی دایکی خۆی بێبەش بێت یان نەتوانێت پێی بدوێت ئاسان نییە کە بتوانێت لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەی و لە خزمەت بە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی کارا بەشداربێت.
بوونی شوێن و پێگەی بەهێزی زمانی دایکی سەرەکیترین هۆکار و پێویستیە بۆ بوونی وەڵاتێکی سەربەخۆ و بەهێز بۆ کورد و هەر نەتەوەیەکی تر. نەتەوەیەک نەتوانێت زمانی دایکی بپارێزێت و منداڵ و گەورە و پیری لەسەر خۆشەویستی بۆ زمانەکەیان پەروەردە بکات مەحاڵە بتوانێت پێگەی بەهێزی رامیاری و ئابووری خۆی لەسەر ئاستی جیھان جێگیربکات.
دوژمنانی کورد و کوردستان هەر لە زووەوە لەوە تێگەیشتن کە کاراترین رێگاچارە بۆ بردنەوە دواوە و لە ناوبردنی نەتەوەی کورد بریتییە لە لێدان و بێهێزکردنی زمانی کوردی.
راستی یەکی حاشاهەڵنەگرە کە بەهۆی قەدەغە کردنی زمانی کوردی لە خوێندنگا و ناوەندەکانی فێربوون و دەستگیرکردنی مامۆستایان و چالاکانی زمانەوانی لە تەواوی کوردستانی داگیرکراودا دوژمنان توانیان کە کاریگەری نەرێنیان لەسەر زمانی کوردی هەبێت و تەنانەت لە هەندێک شار و شارۆچکەدا سەرکەوتووبوون لە بن بڕکردنی زمانی کوردی و لە ئێستا زۆربەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بە زمانی دایکی خۆیان قسە ناکەن.
ئاشکرایە کە ئەو نەتەوانەی کە بە زمانی دایکی خۆیان نادوێن و زمانی نەتەوەیەکی تر بەکاردەهێنن، هیچ مۆرکێکی نیشتمانیان پێوە دیارنامێنێت تەنانەت کاریگەرییەکەی بە رێژەیەکە کە خۆشەویستی و هەست و سۆزی نیشتمان پەروەریان چی تر هەستی پێناکرێت.
بەخۆشحاڵییەوە لەم ساڵانەی دواییدا و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی هۆشیاری خەڵک و تێگەیشتن لە گرینگی و پێویستی زمانی دایکی بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و بە هاوکاری و چالاکی رێکخراوە رامیاری و مەدەنیەکان، مامۆستایان، چالاکانی زمانەوانانی تواندراوە دژ بە پلانە چەپەڵەکانی رژێمی ئاخوندی بوەستنەوە و رەوتی دابەزین و بێهێزبوونی ئاستی زمانی کوردی کەم بکەنەوە.
رێکخراوی لاوانیش بەبەشی خۆی هەوڵی تەواوی داوە کە لە خزمەت زمانی کوردی دا بێت و بە هۆشیارکردنەوەی هاویشتمانیان و ئەنجام دانی چالاکی و دانانی وانەی زمانی کوردی بۆ ئەندامانی لە پێشەوە بردنی زمانی کوردی بەشدارێکی کارا بێت.
هەروەها تێکۆشان بۆ خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی رێکخراوی لاوانە کە لە پەیڕەوپرۆگرامی رێکخراودا جێگیرکراوە.
رێکخراوی لاوان لە داهاتووشدا لەسەر هەمان باوەڕ و لەبەر رۆشنایی بەندەکانی پەیڕەوپرۆگرامی پەسەندکراودا، لە خەبات و خزمەت بە زمانی پیرۆزی کوردی بەردەوام دەبێت و هەوڵی بەرچاو و کاریگەر لە نێو ریزەکانی رێکخراو و کۆمەڵگا بە گشتی بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی دەخاتە گەڕ.

رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری
٢ رەشەمە ١٤٠۰
ڕێکه‌و 2022-02-21 17:05:21
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی