راگەیاندراوی رێکخراوی لاوانی خەبات بۆ شەهادەتی کاک بێهزاد مەحموودی



بەداخێکی گرانەوە شەوی یەک شەممە بەرامبەر ۲۳ مای ۲۰۲۱ کاک بێهزاد مەحموودی ئەندامی رێکخراوی لاوان بەهۆی رێژەی زۆری سووتانەکەی بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێ کردین و بە پلەی بەرزی شەهادەت گەیشت.

کاک بێهزاد مەحموودی دوای چەندین داواکاری لە نووسینگەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ خەم خواردن لە باروودۆخی خۆیی و پەنابەرانی کوردی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان و دابین کردنی ژیانێکی شایستە بۆیان، لە ئەنجامدا بەهۆی پشتگوێ خستنی داواکارییەکانی رۆژی سێشەممە، ۱۸ مای ۲۰۲۱ لە بەرامبەر بارەگای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

ئێمە لە رێکخراوی لاوانی خەبات سەرخۆشی بە خانەوادەی کاک بێهزاد و ئەندامانی رێکخراوی لاوان و تەواوی هاوسەنگەرانی لە ریزەکانی سازمانی خەبات دەڵێین و هیوادارین کە جارێکی تر شاهیدی رووداوێکی دڵتەزێنی لەو شێوەیە نەبین.

دەبێت قوربانیدانی کاک بێهزاد مەحموودی ببێتە هەوێنی چارەسەرکردنی تەواوی کێشە و گرفتەکانی پەنابەرانی کوردی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و لەبار بۆیان. 

 

رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

٢٤ مای ۲۰۲۱

 

 
ڕێکه‌و 2021-05-24 13:00:36
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی