ڕۆلی لاوان لە ئیستەو داهاتوودا

هاوژین شەریعەتی

چینی لاوان چینێکی پڕ پۆتانسیێلەو بەردەوام لە گەشەی فكری و پێشكەوتنەدایەو ئەگەر بەربەستی بۆ دروست نەكرێ‌ و پەروەردەییکی باشیان هەبێ و ڕێگەیان پێ بدرێ، ئەتوانن بە باشترین شێوە لە گۆڕەپانی بەربەرەکانێ ژیاندا خۆیان بنوێنن و ببن بۆ هۆی باشتر بوونی داهاتووی کۆمەڵگای وڵاتەکەیان. 

منداڵان تا کاتی لاوی وەک نەمامی دارن و ئەگەر بە باشی پێ یان ڕابگەن لە دۆخێکی چاکدا بن بە جوانی گەشەوباڵا دەكەن, بەڵام ئەگەر دۆخی پێ ڕاگەیشتن چاک نەبوو، ئەوە بەجوانی باڵا ناکات و بەرهەمی نابێ. ئەگەر منداڵان بە چاكی لە نێو کۆمەڵگاو لە قوتابخانەکان دا پەروەردە بکرێن, ڕێگای دروست دەگرنە پێش و ئەگەر پەروەردەی چاکیان نەبێت پێچەوانەكەی دەبیندرێ‌ 

لاوانی کوردستانی ئێران لە ئێستادا بەربەستیان لە سەر ڕێگە هەیە و ڕژیم ئاخوندی بەردەوام خەریکی كۆسپ دروست كردنە بۆیان بە خۆێندن و دەرسی بێ‌ كەڵك و زاڵ كردنی كولتوری سەقەتی دەسەڵاتی دیكتاتۆر دواکەوتووی قڕون وستایی , ئەو شێوە بارهێنانه خراپە،نە تەنیا لە قوتابخانە, بەڵکوو لە ناو كۆمەڵگەشدا بە ئاژاوە گێڕی و بەلاڕێ بردنی کلتوری نەتەوەکان و تێرۆری نەتەوەیی و کەسایەتییەکان درێژە پێ ئەدا. دەسەڵاتدارانی ئێران بەخەیاڵی خاوی خۆیان ناكۆكی كۆمەڵایەتی وشەڕو بەربەرەکانێ لە نێوان میللەتەکانی ئێران و کوردستان دروست بكەن. لە لاێكی دیكەوە، خراپی باری ئابوری و نەبونی کار لە کۆمەڵگەی کوردەواری بۆتە هۆی ئەوە کە لاوان باوەریان بە خۆیان و ژیانی ئاسایی لەدەست بدەن و بە نەبوونی هەلی کار و کێشەو گرفتەکانی ئەو کومەڵگایە توشی مادەی هۆشبەر بن و یا ڕوو لە کۆڵبەری بكەن و بكەونە بەر دەستڕیِژی چەكی پاسداران و بەكرێگیراوانی دەسەڵات و گیانیان لەدەست بدەن، و یا تووشی فەساد و هەزار کارەساتی دیکە بن.

سەرە ڕای ئەو فشارانە بە خۆشیەوە لاوان هومیدی کوردستانن و لە ئێستادا هەزاران لاوی بەشەرەف و ئازا بۆێرانە بۆ خاک و نیشتمان گیانیان فیدا کردووە و هەزاران لاوی دیکەش، تەواوی ژیانی خۆیان لەم پێناوەدا داوە .

پێویستە لاوان زیاتر لە ڕابردوو ئاگاداری پیلانە قیزەونەکانی ڕژیم بن و بە هۆشیار بوونی خۆیان و زانیاری دان بە یەکتر, هەمووی هەوڵێكی دزێوی دەسەڵات پووچەڵ بکەنەوە.

ئاشكرایە ڕژیمی ئاخوندی ئێران بەربەستی زۆری خستوەتە بەرپێ لاوان و ڕێگەی هیچ پێشکەوتنێکی بە لاوان نەداوە بەڵام بە خۆشیەوە زۆربەی لاوانی بەشەرەفی کوردستان،بە تێكۆشان و ڕەنجی زۆر،بە باشی لە پێناو پاراستنی زمان و فەرهەنگ و کەلتووری کوردستان چالاكن وتوانیویانە بە یەكدەنگی بەشێكی زۆری پیلانەكانی ڕژیم پوچەڵ بكەنەوە.ڕووداوەکانی کوردستان و وێستانەوە لە بەرانبەر بێ ڕێزیەکانی بەكرێگیراوان دژی کورد، بۆتە هۆی زیاتر چالاك بوونی لاوان و خەڵکی کوردستان پشتی یەک دەگرن و هەرگیز ئەم بەربەستانە ناتوانێت لاوانی کورد و بناغەی کورد بخاتە لەرزە. لاوان پێشڕەو سەرقافڵەی کۆمەڵگەن و ئەبێ هەوڵ بدەین زانیاریەكانمان ببەینە سەرەوە و کەسانی بێ ئاگا، ئاگادار بکەینەوە, تا لەم دۆخە نالەبارەی کوردستان, لەپێش چاوی خەڵکانی ئازادیخواز و تێکۆشەر لاوان وەك هەمیشە هومێدی کوردستان بمێننەوە.

بە هیوان سەرکەوتنی خەڵكی ئازادیخوازی کوردستان.
ڕێکه‌و 2021-02-10 19:06:58
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )







سیاسی