پەیامی ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەبات، بۆ یادی کۆچی مامۆستا شێخ جەلال حوسەینی





ئافرەتان و لاوانی تێکۆشەر!
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان!
هاونیشتمانیانی بەڕێز!
30 پووشپەری ساڵی 1389 بەرنبەر بە 21 .7. 2010 ی زایینی ڕۆژێکی ناخۆش و پڕ کارەسات بوو بۆ سازمانی خەبات و نەتەوەی کۆڵنەدەری کورد لە کوردستانی ئێران. لەم ڕۆژەدا دڵە گەورەکەی مامۆستا شێخ جەلال کەسایەتی ئایینی وسیاسی بەرزی کورد ودامەزرێنەری سازمان لەلێدان کەوت و بەجەستە ماڵ ئاوایی لێکردین ،بەڵام ڕۆحی هەر لەگەڵمانە و نەتەوەکەمان بۆ ساتێکیش ئەم ڕێبەرە جوامێرە لەبیر ناکەن. لەیادی 10 ساڵەی کۆچی دوای ئەم زاتە مەزنە سەری ڕێزو نەوازش دادەنوێنین بۆ گیانی پڕ لە فیداکاری و کوردپەروەری بەڕێزیان و سەرجەم شەهیدان.....


بەڕێزان جەنابی مامۆستا شێخ جەلال ی حوسەینی سەرکردە و رێبەرێکی بەتوانا و لێهاتوو، بەکردار تا دوایین هەناسەی ژیانی لەخزمەت دۆزی ڕەوای گەلەکەیدا مایەوە وخەمخۆرێکی راستەقینەی گەلی کورد بوو کە تەواوی ژیان و گوزەرانی خۆی تەرخان کرد بۆ کوردایەتی ونیشتمان پەروەری . مامۆستا تەنها ڕێبەری هۆگرانی و شوێنکەوتوانی ڕێبازەکەی نەبوو، بەڵکو خۆشەویست و پەسەندی خەڵک بوو، زانایی و تێگەیشتوویی، توانا و لێهاتوویی لە سەرکردایەتی کردن، مامۆستای کردبووە پایە و پاڵپشتی بەهێزی گەل و نیشتمان.
مامۆستا شێخ جەلالەدینی حوسەینی زانایەکی ئایینی بەتوانا و زاڵ بوو بەسەر هەموو بوار و پایەکانی ئایندا و چەندین مەلا و کەسایەتی و پێشمەرگەی شۆڕشگێڕ لە مزگەوت و حوجرەی جەنابیانەوە پێگەیشتن.
مامۆستا لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش و زانایی ئایینی و کاریگەری وەک عەلامەی کوردستان ، شاعیر، ئەدەب ناس و نووسەرێکی بەتوانا بوو. لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا زمانەوانێکی لێهاتوو بوو، زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی بۆ نووسین و شیعرەکانی بەکارھێناوە و لە هەریەک لەو زمانانەدا شارەزایی تەواوی خۆی پیشان داوە.
مامۆستا مرۆڤێکی نەرم و نیان، لەبەر دڵان، نوورانی و هەروەها ئارام لەگەڵ گەورە و بچوک بوو، ئەو کەسانەی بۆ تەنها جارێکیش بە خزمەتی گەیشتبن شاهیدی گەورەیی و ناوازەیی ئەو زانایەن.
هەڵسووکەوتی جوان و خەسڵەتی بەرز و تێگەیشتوویی ئەندامانی ڕیزەکانی ڕێکخراوەکانی سازمانی خەبات، ڕەنگدانەوەی پەروەردەی دروستی ڕێبازی پیرۆزی جەنابی مامۆستا شێخ جەلالەدینی حوسەینی یە و چاونەترسی و ئازایەتی و سڵ نەکردنەوە لە دوژمن وانەی سەرەکی خوێندکارانی ئەم ڕێبازەیە.
ئێمەی ڕۆڵەکانی نیشتمان، لە ٣٠ پووشپەڕ و لە یادی کۆچی دوایی ئەم زاتە مەزنەدا، جارێکی تر پەیمان نوێ دەکەینەوە کە درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی بین و تا ڕوخان و لەناوچوونی ڕژێمی ئاخوندی و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بین.
جارێکی تر بەرز و بەڕێزبێت ٣٠ پووشپەڕ یادی جەنابی مامۆستا.
بڕوخێت ڕژێمی ملهوڕی ئاخوندی.
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان.


ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران


دەستەی بەڕێوەبەری
٣٠ پووشپەڕی ١٣٩٩
ڕێکه‌و 2020-07-21 09:50:12
به‌شی ( به‌یاننامه )







سیاسی