پەیامی دەستەی بەڕێوەبەریی بەبۆنەی ساڵرۆژی دامەزراندنی رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستان

 



 









 

لاوانی خەباتكاری کوردستان!
هاونیشتمانیانی تێكۆشەر!
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان!
بەبۆنەی ١١ی بانەمەڕ ساڵرۆژی دامەزراندنی رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران گەرمترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەین.



 

هاونیشتمانیانی بەڕێز!



 

لە ١١ی بانەمەڕ ١٣٩٠ كۆچی خۆری، ژمارەیەک لە لاوانی ریزەکانی سازمانی خەبات لە دوای چەندین کۆبوونەوەو ،بە داڕشتنی گەڵالەێكی سەردەمیانە، رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێرانیان، بە مەبەستی زیاتر چالاك بوونی لاوان لە ڕیزەكانی سازمان و بەرەوپێشبردنی خەبات و تێکۆشانی لاوانی کوردستان بۆ قۆناغێکی نوێ‌ لە شۆڕشی مافخوازانەو بۆ گرینگی پێدان بە دەوری باڵای لاوان لە ڕیزەكانی سازمانی خەبات و لە كوردستان بە گشتی دامەزراند.
بە دامەزرانی ڕێكخراوی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران، ئەرك و بەرپرسایەتی زیاتر كەوتە سەر شانی لاوان لە ڕیزەكانی سازمانی خەبات، ئەگەرچی لاوانی تێكۆشەر هەر لە سەرەتای دامەزرانی سازمانی خەبات دەوری بەرچاویان لە پاراستن و برەودان بە شۆڕش و سازمانی خەبات هەبوو، بەڵام وەك پێویست گرینگی بە فیداكاری و گیانبازیان و دەوریان لە سازمانی خەبات نەدرابوو، كە بە خۆشیەوە بە دامەزرانی ڕێكخراوی لاوان، تێكۆشەرانی ڕیزەكانی سازمانی خەبات بە تێكڕاو، لاوان بە تایبەت، زیاتر لە ڕابردوو هەستیان بەو دەورە گرینگو كاریگەرە كرد.
 لاوانی ڕیزەكانی سازمانی خەبات،بە دامەزراندنی ڕێكخراوی تایبەت بە خۆیان، پەرەیان بە هەوڵ و تێکۆشانیان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی لاوانی کوردستان، و تێكرای خەڵكی كوردستان و رزگاری نیشتمانداو لە ماوەی نۆ ساڵ كارو چالاكی، وەك یەكێك لە رێكخراوە بەرچاو و مەترەحەكانی لاوان لە گۆڕەپانی خەباتی نەپساوە دەوری بەرچاومان گێڕاوەو و بە بەڕێوەبردنی دوو کۆنگرەی بەرهەمدار و بە پەسەندكردنی پەیڕەوپرۆگرامی سەردەمیانە لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامە.
رێکخراوی لاوان لە ماوەی چەند ساڵی خەبات و تێکۆشانی دا، رۆڵی سەرەکی گێراوە لە پێک ھێنانی چەندین کۆنفرانس و سیمنار لەسەر ئاستی کوردستانی ئێران و هەر چوار پارچەی كوردستان و هەروەها بە بەستنی بەردەوامی کۆبونەوەی سیاسی و کۆنفرانسەکانی ناوخۆیی، هەوڵی نوێگەری داوەو، بە دانانی كەلاسی جیاجیای زانستی و سیاسی و شۆڕشگێڕانە، لە پێناو پەروەردەو بردنەسەری ئاستی زانیاری لاوانی ریزەکانی تێكۆشاوە.
تەشکیلاتی ناوخۆیی رێکخراوی لاوان لە شارە جیاجیاكانی كوردستان، بەردەوام چالاکی یان ئەنجام داوە و لە هەموو یاد و بۆنەکاندا پەیامی سیاسی و مافخوازانەیان لە چوارچێوەی بیرو هزری نەتەوەیی و نیشتمانی هەبووەو لەو مەیدانەشدا خزمەتیان کردووە.
جێگەی باسە رێکخراوی لاوان هەمیشە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوە و بەردەوام بۆ خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی لاوانی کوردستان تێكۆشاوە.
لاوانی تێكۆشەر!
لە کاتێکدا یادی دامەزراندنی رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران دەکەینەوە کە بەداخەوە ڤایرۆسی کوشندەی کۆڤید ١٩ (کۆرۆنا) تەنگی بە هاوڵاتیانی كوردستان و ئێران هەڵچنیوە و ژمارەیەك لە خانەوادە بەڕێزەکان، کەس و خۆشەویستانیان بە ھۆی ئەم نەخۆشیە مەترسیدارە لە دەست داوە. هەر بە هۆی ئەم نەخۆشی و ئەو بەڵا سامناكەو هەورەها بە هۆی نەزانی دەسەڵاتی ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندیی، باری ئابووری هاونیشتمانیان زۆر لە پێشوو خراپ تر بووە و رێژەیەکی زۆری هاوڵاتیانی كوردستان و ئێران بەدەست برسیەتی و نەداری دەناڵێنن، كە بێ بەرنامەیی و بێ‌ دەربەستی رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندیش هێندەی تر بارودۆخی خەڵکی خراپتر کردووە.
بە پێویستی دەزانین کە سەرەخۆشی خۆمان بە خانەوادەی  كۆچ كردوانی  نەخۆشی كۆڕۆنا پێشكەش بكەین و لە غەم و پەژارەیان خۆمان بە شەریك دەزانین.
جێگەی خۆیەتی سپاسی لاوانی خوێن گەرمی کوردستان بكەین كە لە خزمەت بە نەخۆشەكانی كۆڕۆناو هەروەها هاونیشتمانیانی زیان دیتو و هەژاری كوردستان پێشەنگ و سەرقافڵە بوون، بێگومان ئەو ڕەنج و ماندوو بوونەیان لە مێژووی خەباتی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانی دەمێنێتەوەو دەبێتە دەرس و وانە بۆ لاوانی داهاتوو لە كوردستان و ئێران.
بەو هومێدەی بە زوویی شاهیدی كۆتایی هاتنی مەینەتی و ئازارەكانی خەڵكی كوردستان بین و هەروەها ئاكامی خەباتی كۆڵنەدەرانەی خەڵكی كوردستان و ئێران لە پێناو ڕوخانی ڕژیمی دیكتاتۆری ئاخوندی و دابین كردنی ئازادی و مافی بەرانبەر بێتە دیی.
جارێکی دیكە  بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی ڕێكخراوی لاوان، پیرۆزبایی بە ئەندامانی ریزەکانمان و دۆستانی رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران و لاوانی كوردستان بە تێكڕاو وجەماوەری كوردستان پێشكەش دەکەین.
بڕوخێ‌ رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی.
سەرکەوێ خەباتی رەوای گەلی كورد.









 

رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەریی









 

١٠ی بانەمەڕی ١٣٩٩ كۆچی خۆری









 

 
ڕێکه‌و 2020-04-29 07:11:29
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )







سیاسی