پەیامی ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران بۆ ڕۆژی زمانی دایک



یونسکۆ وەک هەنگاوێک بۆ ڕێزلێنان لەو خوێندکارانەی کە لە ڕێگای پاراستنی زمانی دایکیان لە بەنگلادش کوژران و بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو نەتەوانەی کە زمانی دایکیان لە مەترسیدایە، ۲۱ی فێبریوەری وەک ڕۆژی زمانی دایکی دیاری کرد. بەم بۆنەوە ڕێکخراوی لاوان پیرۆزبای خۆی بە هۆگران و ئەوانەی لە خەمی زمانی دایکیدان پێشکەش دەکات.
بێگومان زمان یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانە بۆ پێناسەی هەر نەتەوەیەک، بۆیە بەدرێژایی مێژوو داگیرکەران بۆ لەناوبردنی نەتەوەکان هێرشیان کردوەتە سەر زمانی دایکی ئەو نەتەوانە. ئێمە وەکو کورد نەک تەنیا خاوەن زمانی خۆمانین، تەنانەت زمانەکەمان زۆر دەوڵەمەندەو ئەمە لەلایەن دەوڵەتە فاشیزمەکانەوە وەکو مەترسیەک لەقەڵەم دەدرێ و لە هەموو قۆناغە جۆراوجۆرەکانی مێژوودا لەناوبردنی زمانی کوردیان کردوتە ئامانج. لە چەند دەیەی ڕابردوو، لە سەردەمی دەسەڵاتی محەممەد ڕەزاشای پەهلەوی و هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئاخوندی و تا ئێستا کە چل ساڵ لە دەسەڵاتداری تێپەریوە، هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی. کە دەکرێ ئاماژە بە دەست بەسەرکردنی مامۆستایانی زمانی کوردی بکرێ، هەڵپێچانی فێرگەکانی زمانی کوردی، لەناوبردنی کلتوری ڕەسەنی کوردی و گواستنەوەی کوردان بۆ شارەکانی غەیرە کوردو هێنانی خەڵکانی غەیری کورد بۆ شارەکانی کوردستان.
سەرەڕای هەموو ئەم کۆسپانە، چالاکانی زمانی کوردی هەوڵیان داوە بۆ ئەوەی زمانی کوردی و ئاخاوتن بە زمانی زکماک زیندوو بمێنێ. بۆیە لە زۆربەی لێکۆڵینەوە و بابەتەکان باس لە قازانجەکانی ئاخاوتن بە زمانی دایکی دەکرێ کە گرنگترینیان ئەوەیە کە ئاستی هۆشی و گەشەکردنی مێشکی ئەومنداڵەی کە بە زمانی دایکی قسە دەکات، زۆر بەرزترە لەو منداڵەی کە دایکی لە زمانی خۆی بێ بەشی دەکات. لە بیرکردنی زمانی دایکی و فێرنەکردنی منداڵ لە سەرەتای ژیانەوە بە ئاخاوتن بە زمانی دایکی بەبیانوی پێشکەوتویی یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایە کە کەوتۆتە نێو ئەو پیلانەی داگیرکەر بۆی داڕشتوە.
دەوڵەتە فاشیزمەکان لە ڕوویی سیاسەت و زانستەوە ئەم شێوازە بیرکردنەوەیان خستۆتە ناو کۆمەڵگەو لە قوتابخانەکان منداڵان مافی قسەکردن بە زمانی دایکیان نیە. بەڵام ئەوەی کە دەبێ لەبەرچاو بگیرێ ڕۆڵی گرنگی دایکانە لە پڕۆسەی گواستنەوە و فێرکردنی زمانی دایک بۆ منداڵان.
ئەوەی کە دیارە لە ئێستادا، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تاڕادەێک وەک یارمەتیدەری چالاکانی پاراستنی زمانی دایکی هاتوونەتە مەیدان، تاچەند ساڵی ڕابردوو لە شارەکانی کوردستان وەک کرماشان و ئیلام زمانی فارسی تاڕادەێکی زۆر پەڕەی سەندبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی کە خەڵک زانیاریان زیاتربووە دەکرێ بوترێ کە ئەم شێوە بیرکردنەوە کە (ئاخاوتن بە زمانی غەیری زمانی دایکی پێوەری پێشکەوتوییە)، لەوشارانەو لەناو کۆمەڵگەدا کەم بوەتەوە.
ئەمە بەرەنگارییەکی گەورەیە چونکە بۆ هەڵگرتنی هەر هەنگاوێک دەبێ بیرکردنەوەکان بگۆڕێن.
توێژی لاوان ڕۆڵی کاریگەرو داهاتووی کوردستانن، هەربۆیە پێویستە هەوڵەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی زکماکی چڕترکەنەوە.
لە زانستگەو کۆڕۆ کۆبونەوەکان باس و خواسەکانیان بە گرنگی زمانی کوردی بڕازێننەوەو قسەی نەستەق و پەندی پێشینان و وتەی ڕەسەنی کوردی لە ئاخاوتن و نوسینیاندا بکەنە وێردی سەر زمانیان و شەرم لە پوختە بونی زمانی کوردی نەکەن، تاکو ئەوە ببێتە نۆرم و پەرەبستێنی لەناو کۆمەڵگەدا.

رێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران

دەستەی بەرێوەبەری

٢٠ فێبریوەری ٢٠٢٠
ڕێکه‌و 2020-02-24 09:48:55
به‌شی ( به‌یاننامه )







سیاسی