راگەیەندراوی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژھەڵات سەبارەت بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران

لاوانی شۆڕشگێڕ و نیشتمان پەروەری کوردستان!


کۆمەڵانی ئازادیخوازی كوردستان!


وەك ئاشكرایە دەسەڵاتی خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی بڕیاری بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیس لە ۲ی ڕەشەممەی ۱۳۹٨ی هەتاوی داوە، بەمەبەستی ڕەواییدان وبەردەوامی لە سەرکووت و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک و جێبەجێ کردنی مەرامە دژە ئینسانییەکانی بەرامبەر بە خەڵکی ستم لێکراوی ئێران و کوردستان.
دەسەڵاتدارانی رژێمی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی بە بەستنی شانۆی هەڵبژاردنەکان لە وەها کاتێکدا زۆر بێ شەرمانە بێڕێزی بە خوێنی شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵی کوردستان و ئێران دەکەن، کە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە سەر شەقامەکان و لە ژوورە تاکە کەسیەکان لە ژێر ئەشكەنجەی جەلادەكانی ئەم ڕژیمە گیانیان لەدەست داوە و پاش جەندین ڕۆژ تەرمەکانیان لە روبار و بەنداوەکان دۆزرانەوە.
بێگومان دەسەڵاتداران لە ئێران، بۆ شاردنەوەی کردەوە قێزەونەکانیان، لەبەر چاوی ڕای گشتی جیهانی و بۆ مانەوەی حوكمی لەرزۆكیان ڕێکاری زۆر هەڵخەلەتێنەر و گوشاری جۆراوجۆر بە کار دەهێنن تا شانۆی هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن.
لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان!
هەروەک ئاگادارن ڕژیم لە دۆخێکدا ئەم شانۆگەرییە بەڕێوە دەبات کە هەوڵیدا هەلی کوژرانی گەورە ترۆریستی خاوەرمیانە قاسم سولەیمانی و هێڕشی کوێری مووشەکی بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا لە عێراق بۆ گەرم ڕاگرتنی کورەی هەڵبژاردنەکان بەکار بێنێت. بەڵام فۆبیای پەرچەکرداری هێزەکانی ئامریکا و ترسی هیستریکی سپای پاسداران بوو بە هۆکاری هێرشی مووشەکی بۆ سەر فڕۆکەیەکی مەدەنی لە لایان سپا کە ئەویش قوربانی بوونی ۱۷٦ کەسی بێتاوانی لێکەوتەوە.
لاوانی تێکۆشەر و خوێندکارانی دەروەست!
شەرایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای ئێران و کوردستان لە سای کۆماری ئیسلامی و ماجەراجوویەکانی سپای پاسداران ئەستەمترین قۆناغی بۆ ژنان و لاوان پێکهێناوە، ژنان لە ئازادییە سەرەتاییەکانی خۆیان بێ بەشن و لاوان و خوێندکارانیش بە هۆی ئەو دۆخە سەختەوە یان پەڕییوەی دەرەوەی وڵات بوون یان ڕوویان لە دیاردە سەخت و تاقەت پڕووکێنی وەکوو کۆڵبەری کردوە کە لەوێش بە تەقەی ڕاستەو خۆی هێزەکانی ڕژیم شەهید دەبن. بەو بەرچاو ڕوونییانەی کە هەموومان هەمانە هەنووکە ڕژیم دەیهەوێ بە كەڵك وەرگرتن لە دەست و پەیوەندییەکانی خۆیان لە نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیكە، مەبەستیانە وا نیشان بدەن كە هەڵبژاردنەکانیان مەشروعن و بە بەشداری و دەنگی هاوڵاتیانی کوردستان و ئێران بەرێوە چووە، هەر لەبەر سەر نەگرتنی ئەو پیلانەی دەسەلات، پێویستە لاوانی كوردستان بە تایبەت و خەڵکی کوردستان بە گشتی، پیلان و پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە قاو بدەن و ڕێگە نەدەن بە بەکارھێنانی ئەو کەسانە بازارگەرمی بۆ شانۆی هەڵبژاردن بكەن و تەمەنی دیکتاتۆری لە ئێران درێژتر بێتەوە.
گرینگە كە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەماوەر زیاتر لە مەترسییەکانی بەشداری کردن لە شانۆیی هەڵبژاردنەکان ئاگادار بكەنەوەو هەوڵی جیددی و كاریگەر بدەن کە لە هەڵبژاردندا بەشداری نەکەن و نەبنە کەرەستەیەک بۆ ڕەواییدان بە سەرکۆت و ئەشکەنجە و ئیعدام و هیوادارین کە خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە، وشیارانە بەرهەڵستی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی بن لە هەموو قۆناغێکدا و ئێمەش وەکوو لاوانی ڕۆژهەڵات لە ناو شۆڕشدا بایکۆتی ئەم سناریۆیەی دەسەڵاتدارانی تاران دەکەین و بە دوور لە بنەماکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکراتی دەزانین.


۲٦ی بەفرانباری ۱۳۹٨ی هەتاوی
۱٦ی ژانویەی ۲۰۲۰ی زایینی
لێژنەی هاوئاهەنگی ڕێکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات
ڕێکه‌و 2020-01-17 20:45:13
به‌شی ( به‌یاننامه )







سیاسی