پەیامی رێکخراوی لاوانی خەبات بە بۆنەی نۆهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جەنابی مامۆستا سەیید

لاوانی شۆرشگێر!
کادر و ئەندامانی رێکخراوی لاوانی خەبات!
بەڕێزان ئەمڕۆ یادی کۆچی دوایی رێبەرێکی نەتەوەیی و ئایینی دەكەینەوە کە هەر لە سەرەتای تەمەنی لاویەتی بە هەست كردن بە بەشخۆراوی نەتەوەکەی بۆ ڕزگاری و بەختەوەری گەلی كوردو دەستەبەركرانی ئازادی تێ‌ بكۆشێ‌ و دەست لە ژیانی خۆش و بێ کێشە بۆ خۆی و بنەماڵەکەی هەڵگرێ‌ و ژیانی پر لە شانازی پێشمەرگایەتی و بەربەرەکانێ لەگەڵ داگیرکەرانی خاک و نەتەوەکەی هەڵبژارد و لەو رێگایەدا هەموو ژیانی خۆی کردە قوربانی.
بەرێزان مامۆستای رێبەر و دامەزرێنەری سازمانی خەبات هەر لە سەرەتای چوونە ناو کاری سیاسی و حیزبیدا باوەرێکی تەواوی بە وزە و توانای لاوان هەبوو بە کردەوەش لە دوای دامەزراندنی سازمانی خەبات ٸەو بیرۆکەی سەلماند و لاوان بە بەردەوامی دەور و نەقشی خۆیان لە بەرێوەبەری ٸەرک و کارە سازمانیەکاندا پێ سپێردراوە و لاوانیش بەرپرسیارەتی دیاریان لە ٸەستۆ بووە و ٸەرکەکانی خۆیان بە باشی راپەراندووە و سەلماندوویانە کە کاریگەری فکر و هزری جەنابی مامۆستایان بە بەردەوامی لەسەر بووە.
مامۆستا سەیید جەلالەدین حسێنی تەنیا رێبەرێکی سیاسی نەبوو بەڵکوو بیرمەند، ٸەدیب و شاعیرێکی بە توانای گەلەکەمانە کە بەرهەمەکانی سەرچاوەی بەكەڵك و گرینگن و پێویستە لاوانی ٸێمە کەڵکی لێ وەر بگرن و وانەی کوردایەتی یەکگرتوویی و پیکەوە ژیانی لێ فێر بن و فکر و ٸەندیشەی خۆیان بە بەهرە گرتن لە زانستی ٸەدەبی وسیاسی مامۆستا بەهێزتر و کامڵتر بکەن.
هۆگرانی رێبازی جەنابی مامۆستا،
لە کاتێکدا بە دڵێکی پر لە خەم و پەژارەوە نۆهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستای رێبەر و ٸەدیبی ناوداری گەلەکەمان دەکەینەوە کە بارودۆخی رژێمی ٸاخوندی ٸێڕان لە هەموو کات زیاتر لە قەیرانی سیاسی و ٸابووریدایە و زۆر وێ‌ دەچێ‌ رۆژەکانی کۆتایی تەمەنی نگریسی خۆی تێپەر بکات هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژیمە فشارەکانیان بۆ سەر خەڵک بە گشتی و لاوان بە تایبەتی زیاتر کردووە و لاوان لە هەموو لاێکەوە کەوتوونەتە بەر پەلاماری هێزەسەركوتگەرەكان. بێگومان رژێم بەم چەشنە کردارە دژە مرۆییانەی خۆی دەیەوێت لاوان لە ٸەرک و کاری سەرەکی خۆیان دوور بخاتەوە، بەلام بە خۆشیەوە لاوانی ٸێمە چۆکیان بۆ داگیرکەران دانەداوە ولە ٸێستادا لە هەموو کات زیاتر وشیارانە ٸەرکی سەر شانی خۆیان بەڕێوەبردوەو و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەگەنە ٸەو باوەرەی کە تاکە رێگای کۆتایی هاتنی ستەم و چەوساندنەوە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی رەشی رژێمی ٸاخوندییە و تاکوو ٸەو رژێمە نەڕوخی نە گەلی کورد و نە هیچ کام لە نەتەوەکانی تری ٸێران بە ماف و داوا رەواکانی خۆیان ناگەن.
لە کۆتاییدا جارێکیتر ٸێمە رێبوارانی رێگای پر لە شانازی جەنابی مامۆستا و قوتابیانی قوتابخانەی سازمانی خەبات بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە درێژەدەری ٸەو رێبازە پر لە شانازیە بین و تاکوو رووخانی رژێمی کۆنەپەرەست و دیکتاتۆری ٸاخوندی لە هەوڵ و تێکۆشان بەردەوام بین.
جارێکیتر بەرز و بەرێز بێت نۆهەمین ساڵیادی کۆچی دوایی جەنابی مامۆستا سەیید جەلالەدین حسێنی
بروخێ رژێمی ٸاخوندی ئێران
سەرکەوێ خەباتی رەوای گەلەکەمان

رێکخراوی لاوانی خەبات
دەستەی بەڕێوەبەری
ڕێکه‌و 2019-07-18 22:59:14
به‌شی ( به‌یاننامه )







سیاسی