پەیامی ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی 5ی خەرمانان 34مین ساڵرۆژی دامەزراندنی سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران! دۆستان و ئەندامانی ئازادیخوازی سازمانی خەبات!
لاوان و ئەندامانی ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران !
بە بۆنەی 34مین ساڵرۆژی دامەزراندنی سازمانی خەبات گەرمترین پیرۆزبایتان پێشكەش دەكەین و هیوادارین ئەم یادە لە ساڵی داهاتوودا لە نیشتمانی ئازاد كراوماندا بكەینەوە .  
صورة5ی خەرمانانی 1359ی هەتاوی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران وەك رێكخراوەێكی نەتەوەیی و نیشتمانی هاتە نێو جەرگەی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی كورد و لەو پێناوەدا تێكۆشاوە، سازمانی خەبات لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بوو بە جێگای ئومێد و هیوای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و لە هەموو چین و توێژەكانی كوردستان خۆیان لەم سازمانەدا بینییەوە و بۆ گەیشتن بە مافی رەوای خەڵكی كوردستان درێژەیان بە خەباتی دژە داگیركاری و ئازادیخوازانە داوە و ئەوەی جێگای شانازییە بۆ شوێنكەوتووانی ئەو راستییەیە كە سازمانی خەبات هیچ كات بەرژەوەندی نەتەوەیی فیدای بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی نەكردووە و بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندیێكەوە داناوە. سازمانی خەباتی كوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە گرنگیدان بە توێژی لاو ئەو راستییەی سەلماندووە كە هەر حیزب و رێكخراوێك یان هەر كۆمەڵگاێك خاوەنی هێزی لاو بێت و بتوانێت هێز و پتانسێلی لاوان لە رێگای دروستدا بخاتە گەر بێگۆمان سەركەوتوو دەبێت هەر بۆیە سازمانی خەبات لە سەرەتاوە بە هێنانە مەیدانی لاوان و رەخساندنی بواری زانست و پێشكەوتن بۆ ئەو چینە گرنگەی كۆمەڵگا بووە جێگای هیوا و ئاواتی لاوان و لاوانیش بە دەرك كردنی ئەو بەرپرسیارەتییە بە باشترین شێوە وڵامدەر بوون بۆ ئەو متمانە پێكردنە و شاهێدیش بۆ ئەو ئیدەعایە بوونی سەدان لاوی خوێنگەرم لە ناوو ریزەكانی سازمانی خەباتی كوردستاندایە و هەروەها بوونی دەیان فەرماندە و پێشمەرگەی شەهید لە ساڵانی خەباتی پر لە سەروەری ئەم حیزبەیە.
لاوانی خۆراگری سازمانی خەبات، خەڵكی بەشەرەفی كوردستان!
لە كاتێكدا یادی 34مین ساڵیادی دامەزراندنی سازمانە تێكۆشەرەكەمان بەرز رادەگرین كە جیهان و ناوچەكە بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی بە هەلومەرجێكی ناڵەباردا تێدەپەرێت، هەروەك هەموان ئاگادارن رژێم ئاخوندی ئێران بە پەرە پێدان بە سیاسەتی ناوەكی خۆی و پشتیوانی كردن لە تیرۆریسم لە هەموو جیهان بەرەو رووی گەمارۆی تاقەت پرۆكێنی كۆمەڵگای نێونەتەوەیی بووەتەوە و ئاسەوار و كاریگەری ئەو گەمارۆیانەش هەر رۆژە لەسەر شانی خەڵكی فەقیر و كەم دەرامەدی كوردستان قۆرسایی دەكات و رۆژبە رۆژ رێژەی هەژاری لە ئێران و بە تایبەتی لە كوردستان بەرەو سەر دەچێت. لە ئاستی ناوخۆیی ئێرانیش سیاسەتی رژێمی ئاخوندی لە ئاست میلیتاریزە كردن و راگرتنی كوردستان لە سەر هێڵی هەژاری و بێكاری خەڵك لەو پارێزگایە و پەرەپێدانی مادەی هۆشبەر لە نێو خەڵكی كوردستان لە لایەن دەست و پەیوەندەكانی ئەو رژێمەوە نەك هیچ ئاڵوگۆرێكی ئەرێنی بە خۆیەوە نەدیوە بەڵكوو زیاتر بووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت كوردستان وەك ناوچەێكی ئەمنییەتی چاوی لێ دەكرێت و كاروباری ئەو پارێزگایە لە دەستی ئیتلاعاتی رژێمە.
یەكێكیتر لەو كۆسپ و ئاستەنگانەی كە لە ئێستادا بەرۆكی بە خەڵكی كوردستان گرتووە و بووە بە مەترسی بۆ سەر خاكی كوردستان، هێرشی چەتەكانی بە ناوو دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا هێرشیان كردە سەر خاكی كوردستان بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە ئەوەیە كە خەڵكی هەر چوارپارچەی كوردستان بە هەست كردن بە بەرپرسیارەتی نەتەوەیی و بە مەبەستی پاراستنی خاكی كوردستان شان بە شانی پێشمەرگەكانی هەرێمی كوردستان روویان لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ كردوو سەلماندیان كە بە بێ لەبەر چاوو گرتنی جیاوازی سیاسی و ئایدۆلۆژی ئامادەن بۆ بەرگری كردن لە خاكی كوردستان گیانی خۆیان بەخت بكەن. سازمانی خەبات وەك ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی و بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگەی خۆی رەوانەی بەرەكانی بەرگری لە خاكی كوردستان كرد و ئەو راستییەی سەلماند كە بە بێ پرۆپاگەندە هەر كاتێك كە پێویست بێت ئامادەیە لە هێلی پێشەوەی بەرگری لە خاكی كوردستان حۆزوری هەبێت. تەنیا خالێكە پێویستە ئاماژەی پێ بكەین ئەوەیە كە پێویستە هەموو ئەحزابی كوردی بە هەر رەنگ و ئایدۆلۆژیاێكەوە و سەركردایەتی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا ریزەكانی خۆیان بۆ پاراستنی خاكی كوردستان لە هەر هێرشێكی دوژمنانی گەل رێك بخەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە پێشەوەی بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی دابنێن.
خۆشەوێستان!
لەم بۆنە پێرۆزەدا جێگای خۆیەتی كە سلاو و درود بنێرین بۆ گیانی پاكی مامۆستای هەمیشە زیندوومان، مامۆستا سەید جەلالی حوسەینی و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاری نەتەوەی كورد و جارێكیتر پەیمان نوێ دەكەینەوە كە تا گەیشتنی خەڵكی كوردستان بە مافە رەواكانی درێژەدەری رێگای پڕ لە سەروەری مامۆستا و هەموو شەهیدانمان بین.
جارێكیتر 34مین ساڵرۆژی دامەزراندنی سازمانی خەبات لە هەموو خەڵكی بە شەرەف و ئازادیخوازی كوردستان پیرۆز دەكەین!
ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران 
دەستەی بەرێوەبەری
5ی خەرمانانی 1393
ڕێکه‌و 2014-08-27 14:28:24
به‌شی ( به‌یاننامه )







سیاسی