ئەگەری جێبەجێ‌كردنی حوكمی سێدارەی دوو زیندانیی سیاسیی كورد
حوكمی سێدارەی زیندانییەكی سیاسیی صورةكوردی خەڵكی شاری مەریوان لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست كراوەتەوە و هەروەها زیندانیەیكی سیاسیی دیكەی خەڵكی ئەو شارە لە گرتووخانەی سنە مەترسیی لەسێدارەدانی لێدەكرێ‌. بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی كوردپا: بەختیار مێعماری زیندانی سیاسیی كورد كە ماوەی پێنج ساڵە دەستبەسەرە و هەروەها هێمن مستەفایی كە ماوەی دوو ساڵە لە دەستبەسەری دایە، ئەگەری جێبەجێ‌كردنی حوكمی لەسێدارەدانیان لەزیندانی ناوەندی سنە لەئارادایە. بەختیار مێعماری خەڵكی شاری مەریوان، ساڵی ١٣٨٨‌ی هەتاوی لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ یەكێك حیزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی ئاخوندی ئێران دەستبەسەر كراوە و بۆماوەیەك لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر ئەشكەنجە و لێپێچنەوەدا بووە. ئەو زیندانییە سیاسییە رێكەوتی ١٣‌ی گەلاوێژی ٨٩ و ١٣٩٠ لە دادگای "كەیفەری" تاران دادگایی كراوە و بە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەستی دوو كەس، بە سێدارە مەحكووم كراوە. جێگەی باسە كە ئەو زیندانییە سیاسییە لە سەرجەم دادگایی كردنەكانیدا تۆمەتی قەتڵ و ئەندامەتیی لە حیزبێكی كوردیدا رەت كردۆتەوە. لەلایەكی دیكەوە هێمن مستەفایی زیندانیی سیاسیی خەڵكی شاری مەریوان، كە بە تۆمەتێکی هاوچەشنی تۆمەتەکەی "بەختیار" لەلایەن لقی دادگای كەیفەری دادگوستەری ئوستانی كوردستان بە ئێعدام مەحكووم كراوە. هێمن مستەفایی بە دوو تۆمەتی جیاواز بە چوار ساڵ زیندانی كردن و هەروەها "قەساس" حوكم دراوە. مستەفایی ماوەی زیاتر لەدوو ساڵە لەزیندانی شاری سنە لەدەستبەسەری دایە و لە ٧ مانگ لەمەوبەرەوە چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەشی لێ‌قەدەغە كراوە. چالاكانی مافی مرۆڤ لەمەڕ ئەگەری جێبەجێ‌كردنی حوكمی سێدارەی ئەو زیندانییە سیاسییە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.
 
ڕێکه‌و 2014-08-16 12:52:15
به‌شی ( کۆمه‌ڵایه‌تی )







سیاسی