پشێویەكانی یەك مانگی رابردووی مەریوان و هۆكارەكانی
مەریوان بە درێژایی مێژوو وەك ناوچەێكی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراق ناسراوە و لەم چەند ساڵەی دواییدا بووە بە ناوەندێكی گرنگی بازرگانی كە خۆی لە چەندین بازارچەی سنووریدا دەبینێتەوە كە گرنگترینیان بازارچەی سنووری باشماخە. مەریوان لە بواری كانزا و كانگا سرۆشتییەكانیشەوە شارێكی دەوڵەمەندە و سەرچاوەێكی داهاتی باشی هەیە ئەگەر ئاوڕی لێ بدرێتەوە. بەڵام بە بوونی سیاسەتی سەركوتگەرانەی رژێمی ئاخوندی و پەیرەو كردنی سیاسەتی دواكەوتوو هێشتنەوەی شارەكانی كوردستان لە هەموو بوارێكدا، مەریوانیش لەو سیاسەتانە بێبەش نەكراوە و بە دەستبەسەردا گرتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە لایەن مەلاكانەوە بە بەردەوامی لە ژێر زەبروزەنگی ئەو رژێمەدا بووە و بە درێژایی مێژووی تەمەنی رەشی ئەو رژێمە لە هەموو بوارێكەوە پەراوێز خراوە. مەریوان لە بواری شۆرشی رزگاریخوازانە و بەربەرەكانێ لەگەڵ دەسەڵاتە داگیركەرەكاندا هەمیشە راوەستاوەتەوە و قەد خەڵكی ئەو شارە ملیان بۆ داخوازییەكانی رژێمە دیكتاتۆر و داگیركەرەكان دانەنەواندووە بۆیە بە درێژایی مێژووش قۆربانی داوە و بووە بە چقلە چاوی دوژمنانی گەلی كورد و رژێمی ئاخوندیش درێژەدەری سیاسەتی رژێمە پاوانخوازەكانی پێش خۆی بووە و لە هەموو بوارێكدا هەوڵی داوە و مەریوانی وەك مۆڵگەێكی سەربازی میلیتاریزە كردووە و هەر كاتێك مەجال و دەرفەتێك بۆ خەڵكی ئەو شارە رەخسابێت كە بەرەو پێشەوە برۆن و كەڵك لە سوودەكانی ئەو شارە وەر بگرن بە خۆڵقاندنی سیناریۆێكی ئەمنییەتی وەهای نیشان داوە كە ئەو شارە ئەمنییەتی نییە. هەر لە دەورانی سەرۆك كۆماری خاتەمیدا بوو كە بەڵێن بە خەڵكی ئەو شارە درا كە ئەو ناوچەیە وەك ناوچەێكی ئازادی بازرگانی ناودێر بكرێت و بە قسەی بەرپرسانی ئێداری ئەو شارە و دەوڵەتی ئەو كاتی خاتەمی سەرقالی داڕشتی چوارچێوەی ئەو گەڵاڵەیەن، بەڵام وەك ئەوەیكە دەركەوتووە كە بەرێوەبەری ئێران و كەسانی دەسەڵات رۆیشتووی ئێران باندی خامنەیی و دارودەستەكەیەتی لە وەزارەتی ئیتلاعات، بە نمایش كردنی شانۆێكی ئەمنییەتی و درووست كردنی چەندین بارگرژی و ئاڵۆزی لە لایەن دەست و پەیوەندەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لەو شارە لە كۆتایدا بە بیانووی ئەوەیكە مەریوان لە بواری ئەمنییەتیدا ئەمن نییە و ناكرێت سەرمایەگۆزاری تێدا بكرێت ئەو گەڵاڵەیە پشت گوێ خرا. لە ئێستاشدا و لە كۆتاییەكانی ساڵی 1392ی كۆچی خۆری سەرلەنوێ باس لە بەرنامەی دەوڵەتی رۆحانی بۆ ناساندنی ناوچەی مەریوان وەك ناوچەێكی بازرگانی ئازاد سەری هەڵدایەوە و بەو قسانە ویستیان وەهای نیشان بدەن كە خەمخۆری خەڵكن و لە فكری پێشكەوتنی كوردستانن، بەڵام بە داخەوە لە سەرەتای ساڵی 1393 و لە ماوەی كەمتر لە یەك مانگدا شاهێد و گوێبیستی كۆمەڵێك هەواڵی ناخۆش لەو شارە بووین كە بە دۆزینەوەی تەرمی ژن و پیاوێك لە جادەی گۆندی ئەسڵاوای مەریوان بە هەڵواسراوی دەستی پێكرد و لە رێكەوتی 18ی خاكەلێوە تەرمی سەربازێكی مەریوانی بە ناوی عەبدوڵلا واحێدی لە نزیك گۆلی زریبار بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە، لە لاێكیترەوە رۆژێك دواتر واتە 19ی خاكەلێوە تەرمی ژن و مێردێكی دیكە لە نزیك گۆلی زرێبار دیسانەوە بە هەڵواسراوی پەیدا بوو ئەم مەرگە گۆماناوییانە خەڵكی تووشی سەرلێشێواوی و ترس كردبوو كە دوو رۆژ دواتر و لە رێكەوتی 21ی خاكەلێوە تەرمی دانا خونكە لە ماڵەكەی خۆیدا بە هەڵواسراوی شك و گومانی خەڵكی لەمەر بوونی سیناریۆێك لەو شارە زیاتر كردكە رۆژی 24ی خاكەلێوە تەرمی كەسێكیتر بە ناوی فەتحۆڵلا خەیاڵدووز دیسانەوە بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە و خەڵكی زیاتر شڵەژان تاكوو لە رۆژی 26ی خاكەلێوە تەرمی لاوێكی خەڵكی نۆدشە و دانیشتووی مەریوان بە هەڵواسراوی لە ماڵەكەی خۆی دۆزرایەوە و بە دوای ئەودا تەرمی پیاوێكیتر تەمن 30 ساڵ لە ژێر پردی گوندی لەنجاوای شاری مەریوان بە هەڵواسراوی درێژەی بەم كارەساتەدا و ئەو گۆمانەی لای خەڵكی مەریوان زیاتر كرد كە ئەم كەسانە لە لایەن كەس یان كەسانێكەوە و یان ناوەندێكەوە پێشتر كوژرابێتن و دوایی تەرمەكانیان هەڵواسیبێت چونكوو لاقی تێكرای ئەو كەسانەی كە هەڵواسرابوون لە سەر زەوی بووە و هۆكارێكیتریش كە گۆمانی چالاكانی مافی مرۆڤ و خەڵكی مەریوانی بۆ بوونی سیناریۆێكی پێش تەراحیكراوو زیادتر كرد ئەوەیە كە هەموو ئەو كەسانە بە تەنافی شین هەلولسراون و تاكوو ئێستاش هیچ ناوەندێكی ئەمنییەتی لەو شارە و تەنانەت پزشكی دادوەریش هیچ باسێكیان لە هۆكاری مردنی ئەو كەسانە نەكردووە. ئەمەش دەریدەخات كە هێزە ئەمنییەتییەكانی رژێم نایانەوێت خەڵك لە وردەكاری كوژرانی ئەو كەسانە ئاگادار ببنەوە و لە ماوەی چەند رۆژی رابردووش كۆمەڵێك لە چالاكوانانی كۆمەڵگای مەدەنی شاری مەریوان نامەێكیان ئاراستەی فەرمانداری ئەو شارە كردووە و تێیدا داوایان لە فرماندار و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە كە هەرچی زوتر وڵامی نیگەرانی خەڵك بدەنەوە و راستییەكان ئاشكرا بكەن. ئێستا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە كە ئایا بەرپرسان و كاربەدەستانی رژێم ئەیانەوێت راستییەكان ئاشكرا بكرێت؟ ئایا هێزە ئەمنییەتی و ئیتڵاعاتییەكان كە خۆیان لە رابردوودا چەندین حاڵەتی هاوشێوەی ئەو قەتڵانەیان ئەنجام داوە و لە چەندین كاتی جیاوازدا دەستیان داوەتە كوشتن و تۆقاندنی خەڵكی كوردستان هەوڵ ئەدەن كە ئەو دستانەی لە پشت ئەو پلانانەوەیە روو ببێت؟ باشە مەگەر هیوا تاب و دارودەستەكەی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی رژێم نەبوون؟ مەگەر هیوای تاب تاكوو ئەو كاتەی كە لە لایەن ئیتلاعاتەوە وەك مۆرەێكی سووتاوو بۆیان دەركەوت كە چیتر كەڵكی بۆیان نەماوە جینایەت و قەتڵەكانیان نەشاردەوە؟ ئێستاش دڵنیام كە بەرپرسانی ئەمنی ئەو شارە و بەتایبەتی ئیتلاعاتی مەریوان ئەزانیت كە ئەو كەسانە بۆچی كوژراون و كیِ ئەو جینایەتانەی ئەنجام داوە، بەڵام وەك پێشتر باسم كرد قسەو باسی بوونی ناوچەی مەریوان بە ناوچەی ئازادی بازرگانی هێزە ئەمنییەتییەكانی خستووەتە كار تاكوو بۆ جارێكیتر شانۆی نائەمنی ئەو شارە زیندوو بكەنەوە و پێش بە وەها بەرنامەێك بگرن. خۆمان باشتر ئەزانین كە ئەو بەرنامەیە سوود و مەنفەعەتی بۆ خەڵكی كوردستان هەیە و رژێمیش بە پێچەوانەی سیاسەتەكانی خۆی كار ناكات و هەرگیز ناهێڵێت باری ئابووری خەڵكی كوردستان بەرەوو باشی بروات و كێشەی بێكاری لەو شارە بنەبر بكرێت. بە باوەری من خۆڵقانی ئەو كەش و هەوایە راستەوخۆ بە پیلانی وەزارەتی ئیتلاعات بەرێوە دەچێت و وەك رابردوو ئەو قەتلانە پەردە پۆش ئەكرێت و لە كۆتاییدا بە نائەمن نیشان دانی مەریوان پێش بە بەرنامەی كردنی بە ناوچەی ئازاد دەگرن. بۆیە خەڵكی كوردستان بە گشتی و خەڵكی مەریوان بە تایبەتی دەبێت لە ئاست پیلان و سیاسەتە دواكەوتووانەكەی رژێمی ئاخوندی ئاگادار بن و بە هۆشیاری مامەڵەی لەگەڵ بكەن و چیتر نەهێڵن رۆڵەكانیان ببنە قۆربانی دەستی كاربەدەستانی رژێم و لە ئاست ئەو جینایەتانە بێدەنگ نەبن و دەنگی ئازادیخوازانەی خۆیان شێرانەتر لە رابردوو بەرز بكەنەوە و نیشانی بدەن كە ئاستی هۆشیاری خەڵكی ئێمە گەیشتووەتە ئاستێكە سیاسەتەكانی رژێم دەناسنەوە و لە بەرانبەر زۆڵم و زۆری داگیركەران بێدەنگ نابن. تاكوو كەی دەبێت رۆڵەكانی ئێمە ببنە قۆربانی تەسوییە حسابی باندەكانی دەسەڵاتداری رژێم و تاكوو كەی ئێمە چاوەروانی داهاتوو بین، چیتر كاتی ئەوە هاتووە كە كۆتایی بە دەسەڵاتی رەشی ئاخوندی بهێنین و حكومەتێكی دیموكراتیك و پارلەمانی بە هیمەتی هەموو خەڵكی ئێران و كوردستان بۆنیاد بنین.



مەرگ و نەمان بۆ دەسەڵاتی دواكەوتووی رژێمی ئاخوندی!



سەركەوێت خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی كورد!



10297813_655931437806726_7044985687055620493_n






سەرەتا ئەمەوێت باسێكی كۆرتی پێگەی جۆغرافیایی شاری مەریوان بكەم، مەریوان یەكێكە لە شارەكانی پارێزگای كوردستان كە لە باكوورەوە بۆ سەقز، لە رۆژهەڵاتەوە بۆ سنە و لە باشوورەوە بۆ نۆدشە رێگای هەیە و لە رۆژئاواشەوە تەنیا 16 كیلۆمەتر لە خالی سنووری باشماخ دوورە كە باشماخ بە یەكێك لە خاڵە سنووریەكانی نێوان ئێران و عێراق دادەنرێت و رۆژانە بە سەدان تەن كەل و پەلی بازرگانی لەو بازارچەیە ئالوگۆری پێدەكرێت و سەدان كەسیش بۆ سەردان و سیاحەت روو لە شارەكانی ئێران و یان بە پێچەوانەوە بەرەو شارەكانی هەرێمی كوردستان دەرۆن. بوونی دەریاچەی زرێبار لە پەنای شاری مەریوان ئەو شارەی كردووە بە یەكێك لە ناوچە گەشتیارییەكانی ئێران كە ساڵانە بە سەدان كەس لە شارەكانی ئێران و هەرێمی كوردستانەوە بۆ سەیران و تێپەراندنی چەند رۆژێك دوور لە ئاو و هەوای پێسی شارەكانیتری ئێران روو لەو ناوچەیە دەكەن.
ڕێکه‌و 2014-04-23 09:58:27
به‌شی ( وتاره‌کان )







سیاسی